نۆ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی تێدەپەڕێت

کوردانی ئێزدی دوای هێرشەکەی داعش لە ساڵی 2014 زێدی باب و باپیرانیان جێدەهێڵن (ئەرشیف)
کوردانی ئێزدی دوای هێرشەکەی داعش لە ساڵی 2014 زێدی باب و باپیرانیان جێدەهێڵن (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

پەرلەمانی کوردستان رۆژی سێی ئابی هەموو ساڵێکی بە رۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ناساندووە و ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر کۆمەلکوژی کوردانی ئێزدی تێدەپەڕێت. لە هێرشەکەی ساڵی 2014ـی داعش بۆ سەر شنگال؛ هەزاران کەس کوژران و بێسەروشوێنبوون و دەیان هەزار کەسی دیکەش ئاوارەبوون و بەشێکیشیان کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کرد.

هێرشەکەی داعش لە 2014 بۆ سەر شنگال؛ کوژران و ئاوارەبوونی هەزاران ئێزدی

لە هێرشەکەی رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.

 بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.

 هەر بە پێی دوایین ئامار کە لە مانگی حوەزیراندا، لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بڵاوکراوەتەوە، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا،‌ سێ ھەزار و 458 کەسیان رزگارکراون و دوو ھەزار و 693 رفێندراوی دیکەیش ھێشتا بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

 دوای هێرشەکانی داعش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.

دۆخی شنگال و ئێزدییەکان دوای نۆ ساڵ لە هێرشەکەی داعش

 بەھۆی پەلامارەکانی داعشەوە بۆسەر قەزای شنگال، زیانی زۆری ماددەی بە ژێرخانی قەزاکە کەوت و ژمارەیەک زۆری خانوو رووخان و ژمارەیەک مەزارگەی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە تەقێندرانەوە.

رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 ھێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال دەست پێکرد و لە میانی 24 کاتژمێردا، شنگال کۆنترۆڵکرایەوە

بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق 550 هەزار کەسە؛ بەهۆی دۆخی شنگالەوە ئێستا زۆرینەی ئێزدییەکان لە دەرەوەی ناوچەکانیان دەژین.

خەڵکی شنگال ئاماژە بەوە دەکەن، بوونی گرووپە چەکدارەکان، نەبوونی خزمەتگوزاری و ئارامی، هۆکارن کە نەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هاوکات، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەیان جددی نییە.

رۆژی 9ـی ئۆکتۆبەری 2020، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشووتری عێراق لە شاری بەغدا واژووكرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەیبینێتەوە، ئەوانیش؛  هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ، حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات، دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ، كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی، هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت و هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.

تاوەکو ئێستا رێککەوتنی شنگال لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا جێبەجێنەکراوە و کوردانی ئێزیدی حکومەتی عێراق بە بەپرسیار دەزانن لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگال و دەرکرنەدنی هێزە چەکدارە نایاساییەکانی وەکو پەکەکە و حەشدی شەعبی و دەڵێن، "حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و دەرکردنی گرووپە ناشەرعییەکان جیددی نییە و ئامادە نییە بەرژوەندییەکانی ژمارەیەک کەس و لایەن بکاتە قوربانی".

سەرباری هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق بۆ دەرکردنی گرووپ و میلیشیاکان لە شنگال و گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 20 هەزار چەکداری گرووپە جیاوازەکان لە شنگال جێگیرکراون، بەرپرسانی کارگێڕی شنگال، دەڵێن، گرووپە چەکدارەکان بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و شوێنێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی گرووپەکان.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان  هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە پلەی یەكەم، بۆ "بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنامەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ" گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، "بەداخەوە تا ئێستا بەناوی ئاوەدانكردنەوە، یارمەتیی ماددی پێشكەشی هێز و ملیشیا نایاساییەكان دەكرێت." جەختیش لەوە کراوەتەوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."

بەجینۆسایدناسانی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی

رۆژی چوارشەممە 2ـی ئابی 2023، حکومەتی بەریتانیا بە فەرمی تاوانەکانی داعش دژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند و، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندبوو: "حکومەتی بەریتانیا بە فەرمی دان بەوەدا دەنێت، ساڵی 2014 داعش خەڵکی ئێزدی جینۆساید کردووە."

 پێشتر و لە رۆژی 19ـی کانوونی دووەمی 2023، پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند. بەوەش بووە چوارەم پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا کە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید بناسێنێت.

رۆژی 6ـی تەممووزی 2021، پەرلەمانی هۆڵەندا بە زۆرینەی دەنگ هێرش و کارەکانی داعشی بەرامبەر کوردانی ئێزدی لە باشووری کوردستان بە جینۆساید ناساند و لە رۆژی 15ـی تەممووزی 2021، پەرلەمانی بەلجیکا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی لە لایەن داعشەوە بە جینۆساید ناساند.

ساڵی 2016 پەرلەمانی فەرەنسا وەک یەکەم پەرلەمان تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدیی بەجینۆساید ناساند. دواتر پەرلەمانی وڵاتانی هۆڵەندا و بەلجیکاش ئەو هەنگاوەیان نا.

هەر له‌باره‌ی به‌ جینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان له‌لایه‌ن رێكخراوی داعشه‌وه‌، دیندار زێباری رێکخەرى نووسینگەى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتى کوردستان، لە 30ـی کانوونی دووەمی 2023 رایگەیاند، تا ئێستا 10 وڵات کۆمەڵکوژیی ئیزیدییەکانییان بەجینۆسایدناساندووە.