ئەمەریکا دەیەوێت لە ئەنجوومەنی ئاسایش بایەخ بە پرسەکانی مافی مرۆڤ و ئاسایشی خۆراک بدات

ئاڵای نەتەوەیەکگرتووەکان
ئاڵای نەتەوەیەکگرتووەکان

K24 - هەولێر

ئەمەریکا دەیەوێت لە ئەنجوومەنی ئاسایش بایەخ بە پرسەکانی مافی مرۆڤ و ئاسایشی خۆراک بدات و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش سەبارەت بە مەترسی ئاسایشی خۆراک، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات.

ئەمرۆ پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەبارەت بە مەترسی ئاسایشی خۆراک، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات.

رۆژی سێشەممەی رابردوو  1ـی ئابی 2023،  لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمەریکا لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێمە بە دڵنیاییەوە ئەوە دەزانیین برسیەتی لەو شوێنانەیە کە ململانێی تێدایە. ئەمەریکا کەڵک لەم دەورەیەی سەرۆکایەتی  ئەنجوومەنی ئاسایش وەردەگرێت تاکو پرسی مەترسی ئاسایشی خۆراک لە جیهان بخەینە دەستووری کاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان.''

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوەیەکگرتووەکان (FAO)، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی ئاسایشی خۆراک ئاماژەی بەوە کردووە، هێشتا جیهان لە ئاستەنگە ئابوورییەکانی پاش پەتای کۆڤید-19 بەتەواوەتی رزگاری نەبووە، کە ڕووبەڕووی شەڕ لە ئۆکرانیا بووەوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی خۆراک و وزە دروستکردووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکەی ڕێکخراوی (FAO) لە ساڵی 2022دا، 783 میلیۆن کەس لە جیهاندا ڕووبەڕووی برسییەتی بوونەتەوە، ئەمەش لە چاو ساڵی 2019 بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە. 

کاتێک ڕووسیا لە رۆژی 17ـی تەممووزی 2023، لە دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای ڕەش کشایەوە؛ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدا و گوتی. بڕیارەکەی مسکۆ زیان بە چین و توێژە هەژارەکان لە سەراسەری جیهان دەگەیەنێت. تاکو ئێستا نەتەوەیەکگرتووەکان نەیتوانیوە مۆسکۆ رازی بکات کە لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە.

بە گوێرەی قسە و لێکدانەوەکانی باڵوێزی ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان، واشنتن کار بۆ ئەوە دەکات، پرسەگەلی مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی ئاسایش بایەخی پێبدرێت. لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە  دژی بیرۆکەی هێنانی پرسەکانی مافی مرۆڤ بۆ ناو ئەنجوومەنەکەن و پێیان وایە کۆڕبەندی دیکەی نەتەوەیەکگرتووەکان وەک ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ هەن، کە پێویستە ئەو جۆرە پرسانە لەوێ باس بکرێن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان خاوەنی 15 ئەندامە.  وڵاتانی ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، رووسیا و چین ئەندامی هەمیشەیین و مافی ڤیتۆ کردنیان هەیە و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکش هەر دوو ساڵ جارێک دەگۆردرێت.