سوودانی داوا لە دامەزراوەکان دەکات پابەند بن بە کارەکانیانەوە بەپێی یاسای بانکی ناوەندی

محەممەد شیاع سوودانی
محەممەد شیاع سوودانی

K24 - هەولێر

بۆ چاودێریکردنی کارەکانی کۆمپانیا و بانکەکان، بڕیار درا لیژنەیەکی هەمیشەیی پێکبهێنرێت کە نوێنەرانی بانکی ناوەندی و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ لەخۆ بگرێت بۆ چارەسەرکردنی بەربەستەکان لە کارەکانی ئەم کەرتەدا.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت بەردەوام دەبێت لە چاکسازی لە کەرتی دارایی و بانکی و کۆنترۆڵکردنی شەفافیەت و یەکسانی لەم کەرتە گرنگەدا، ئاماژەی بەوەشکرد، سوودانی، نوسراوێکی ئاڕاستەی هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردووە، بە پابەندبوون بە کارەکان بەپێی یاسای ژمارە 56ی ساڵی 2004ی بانکی ناوەندی عێراق، کە دەڵێت: بانکی ناوەندی عێراق تاکە دەستەیە کە دەسەڵاتی گرتنەبەری هەموو رێوشوێنەکانی هەیە بۆ رێکخستن و چاودێریکردنی کارەکانی بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونیان.

هەروەها بڕیاریش درا لیژنەیەکی هەمیشەیی پێکبهێنرێت کە نوێنەرانی بانکی ناوەندی و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ لەخۆ بگرێت بۆ چارەسەرکردنی بەربەستەکان لە کارەکانی ئەم کەرتەدا.

راشیگەیاند، کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ بەڵێنیان دا کە حەوت رۆژ لە هەفتەیەکدا کاربکەن بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی بە هاوڵاتیان بە نرخێکی فەرمی کە پەسەندکراوە، بەپێی کۆنترۆڵ و رێنماییەکانی بانکی ناوەندی.