چالاکوانانی بواری ژینگە دژی بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

K24 - هەولێر

چالاکوانانی رێکخراوی ژینگەپارێزی گرینپیس ئەمرۆ پێنجشەممە، خانووێکی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ریشی سوناک، بەرەنگی رەش داپۆشیووە، ئەمەش وەکو نارەزایەتی بەرانبەر ئەو سیاسەتە ژینگەییەی کە لەلایەن حکومەتەکەی پارتی پارێزگارانەوە پەسەندکراوە و بەڵێنی مۆڵەتی نوێی نەوت و گازی داوە.

لە وێنەیەکدا کە لە لاپەڕەکانی سۆشیال میدیای رێکخراوەکەدا بڵاوکراوەتەوە، خانووە گەورەکە بە پەڕۆی رەش داپۆشراو دەردەکەوێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، تابلۆی "رۆنی رەش" بە مەبەستی تیشک خستنە سەر دەرئەنجامە جدییەکانە لە رووی گەڕان بەدوای نەوتدا".

پۆلیسی ناوچەکە ڕایگەیاندووە، پۆلیسەکان لە شوێنی رووداوەکە ئامادەبوون.

ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کە لەگەڵ خێزانەکەی لە کالیفۆرنیا لە پشوودان، بەڵێنیدا سەدان مۆڵەتی نوێ بۆ گەڕان و دەرهێنانی نەوت و گاز لە دەریای باکووردا بدات.

فیلیپ ئیڤانس لە کۆمپانیای گرینپیس بەریتانیا گوتی: پێویستمان بەوەیە سەرۆکوەزیرانمان پێشەنگی کەشوهەوا بێت نەک دۆخەکە خراپتر بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتێکدا ئاگرکەوتنەوە و لافاو لە سەرانسەری جیهاندا ماڵ و ژیان وێران دەکات، سوناکیش بەڵێن دەدات بە فراوانکردنی گەڕان بەدوای نەوت و گازدا، ئەمە تەواو بێمانایە و ئیدانەی دەکەین.

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت: "داوای لێبوردن ناکەین کە رێبازی دروستمان گرتووەتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی وزەکەمان، بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانەی ناوخۆ، بۆ ئەوەیە تاوەکو  پشت بە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا نەبەستین بۆ وزە.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، بە هۆی راگەیاندنی مۆڵەتی نوێی نەوت و گاز، لە بەریتانیا ناڕەزایی لێکەوتەوە و بە کۆی دەنگ لەلایەن گروپە ژینگەپارێزەکانەوە رەخنەی لێگیرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دەرەوەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا خۆپیشاندانێک ئانجامدرا، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیاسەتی ژینگەپارێزی حکومەت.