فەرەنسا زیاتر لەهەزار هاووڵاتی خۆی لە نەیجەر گواستەوە

K24 - هەولێر

حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، ئەمرۆ پێنجشەممە، هەزارو 79 هاووڵاتی فەرەنسیمان لە نەیجەرەوە گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای ئەفریقا، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە هەفتەی رابردوودا سوپا کودەتای بەسەر سەرۆکی وڵات داکرد.

وەزیری بەرگری فەرەنسا، سیباستیان لۆکۆرنۆ لە پلاتفۆرمی ئێکس(تویتەری پێشوو) رایگەیاند، ئەو هاوڵاتییە فەڕەنسی و بیانییانەی کە گواستراونەتەوە، ئێستا سەلامەتن.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە هەمان پلاتفۆرمدا رایگەیاند، کە ژمارەی ئەو فەرەنسیانەی لە نەیجەرن 577 کەسن و ژمارەیەکی زۆریش لە نەتەوەکانی دیکەشی تێدایە.

فەڕەنسا پێشتر رایگەیاندبوو نزیکەی 600 هاوڵاتی وڵاتەکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە نەیجەر نیشتەجێ بوونە.

سەرۆکی هەڵبژێردراوی نەیجەر محەمەد بازوم هەفتەیەک لەمەوبەر لە کودەتایەکدا کە لەلایەن پاسەوانەکانیەوە ئەنجامدرا لەکار لادرا، دواتر لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئیدانەی کودەتاکە کرا.