فەرەنسا هاووڵاتیانی خۆی لە نەیجەر دەگوازێتەوە

نەیجەر
نەیجەر

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، فەرەنسا دەستدەکات بە گواستنەوەی هاووڵاتیانی لە نەیجەر، کە نزیکەی هەفتەیەکە کودەتای سەربازی لەو وڵاتە روویداوە و سەرۆکی وڵاتشیان دەستگیرکردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، فەرەنسا کار بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی خۆیی و ئەوروپییەکان دەکات لە نەیجەر. هەروەها بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لەساڵی 2022 دا، هەزارو 200 فەرەنسی لە وڵاتی نەیجەر بوونە.

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تایانی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، حکومەتی ئیتاڵیا گەشتێکی نائاسایی رێکدەخات بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی خۆی لە نیامی.

رۆژی دووشەممە سوپای نیجەر کە ئێستا لە دەسەڵاتی نەیجەر دانە، فەڕەنسایان تۆمەتبارکرد بەوەی هەوڵی دەستێوەردانی سەربازی دەدات لە نەیجەر، بەڵام پاریس ئەو هەواڵەی رەت کردەوە.

هەزاران خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی کودەتاچییەکان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە نیامی، هەوڵیاندا بچنە ناو باڵیۆزخانەی فەرەنساوە پێش ئەوەی بە گازی فرمێسکڕژێن بڵاوببنەوە.

کاربەدەستانی نایجەر دەڵێن گازی فرمێسکڕژێن شەش کەسی بریندار کردووە کە لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان بۆ کراوە.

دراوسێکانی نەیجەر لە رۆژئاوای ئەفریقا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزیان کرد، ئەگەر بازوم لە ماوەی هەفتەیەکدا نەگەڕێتەوە سەر دەسەڵات، ئەمەش بڕیارێکە لەلایەن هاوبەشە رۆژئاواییەکانی نیامییەوە پشتیوانی دەکرێت، لەنێویاندا فەڕەنسا، کە پێشتر ئەو ناوچەیەی داگیرکردبوو.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سوپای نەیجەر، کودەتایان بەسەر دەسەڵاتی  محەممەد بازوم، سەرۆککۆماری وڵات کرد و رایانگەیاند، رژێمەکەی بازومیان رووخاندووە. کودەتاچییەکان لە نەیجەر داخستنی سنوورەکان و قەدەغەی هاتووچۆشیان تاوەکو کاتێکی نادیار راگەیاندبوو.

لەلایەکی دیکەوە ڤۆڵکەر تورک، کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، "بەهۆی هەوڵی کودەتا سەربازییەکەی نەیجەر تووشی شۆک و دڵتەنگ بووم و بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەم"، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ گەڕاندنەوەی دەستور و سەروەری یاسا.

Fly Erbil Advertisment