ئهمڕۆ ئۆپێک پڵەس له ڤیهننا كۆدهبێتهوه
K24 – هەولێر:
بڕیارە ئهمڕۆ ههینی کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس لە ڤیەننا بەڕێوە بچێت، بەو جۆرەی کە لە دواین کۆبوونەوە لە چواری مانگی شەش بڕیاری لێدرابوو، کاتێک هاوپەیمانێتییەکە بڕیاریاندا خۆویستانە لە پێناو راگرتنی هاوسەنگی نێوان خواست و خستنەڕوو بڕی بەرهەمهێنان بۆ 40.46 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تا سەرەتای ساڵی داهاتو کەمبکەنەوە و بڕیاری دواتریشیان لەئەگەری هەر گۆڕانکارییەکیدا بۆ كۆبوونهوهی ئهمڕۆ بەجێهێشت.
ئەمە لە کاتێکدایە بەرزی نرخی نەوت لە بەرژەوەندی ئەمهریکادا نییە و بایدن دەیەوێت بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی ئەمهریکا نرخی سووتەمەنی داببەزێنێت و هەرزووش رەخنەی لەم بڕیارەی ئۆپێک پڵەس گرت و بە لایەنگری روسیای لە قەڵەمدا، بەڵام هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس نزیکەی دووساڵە بەردەوامە لە کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنان ئەمەش وەک خۆیان دەلێن بۆ پاراستنی هاوسەنگی بازاڕە و لەماوەی ئەم دووساڵەشدا 3.66 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە چەند کۆبوونەوەیەکدا کەمکردووەتەوە.
بۆ کۆبوونەوەی چواری مانگی ئابیش ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری شەش سەرچاوەی ناو هاوپەیمانییەکەوە رایگەیاندووە، پێشبینی ناکرێت هیچ بڕێکی دیکە بەرهەمهێنان کەمبکرێتەوە و وڵاتانی ئەندام پێیان وایە بازاڕ بەم جۆرە لە بەرژەوەندی ئەواندایە.