دواڕۆژ بە بەرهەمێکی نوێ دەگەڕێتەوە 

دواڕۆژ هادی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ
دواڕۆژ هادی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ

K24 – هەولێر:

"ئێمە" ناونیشانی نوێترین بەرهەمی هونەرمەندی گۆرانیبێژ دواڕۆژ هادییە، کە ماوەی ساڵێکە لە دەرەوەی کوردستان نیشتەجێیە و سەرقاڵی پڕۆژەیەکی بازرگانییە لە وڵاتی نەرویج.

دواڕۆژ هادی، گۆرانیبێژ لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 دەڵێت: "گۆرانی ئێمه دەبێتە ئەزموونێکی نوێ لە نێو کارە هونەرییەکانم دوای ئەو بێدەنگیەی کە لە نێو هونەردا هەڵمبژاردبوو، بەڵام نابێتە دوا کاری من لەم وەرزەدا، بەڵکو چەند گۆرانیەکی نوێم ئامادەیە و لە ستۆدیۆکانی تاران کارم لەسەر کردووە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە چەناڵی تایبەتی خۆم لە یوتیوب بڵاوی دەکەمەوە".

گوتیشی: "ماوەی ساڵێکە دوورم لە کوردستان و سەرقاڵی پڕۆژەیەکی بازرگانی تایبەت بە خۆمم لە وڵاتی نەرویج، بەڵام هەمیشە هەوڵمداوە داهاتی بزنسەکەم لە هونەردا خەرج بکەمەوە و کار و پڕۆژەی پڕۆفیشناڵ و نوێ بەرهەم بێنم و بەردەوام بم لە خزمەتی گۆرانی و میوزیکی کوردی دا".

گۆرانی ئێمە لە تێکستی کارۆخ رواندوزی و ئاوازی خۆیەتی و دەرهێنانی پێشڕەو زەردی و دابەشکردنی میوزیکی ئەو بەرهەمەش لە لایەن بابەکەوە جێبەجێ کراوە.