هێرش دەکرێتە سەر کەشتیەکی نەوت هەڵگری رووسیا

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، میدیاکانی مۆسکۆ بڵاویانکردەوە، کەشتییەکی نەوتهەڵگری رووسیا لە گەرووی کیرتچ زیانی پێگەیشتووە، دوای ئەوەی لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیاوە کراوەتە ئامانج.

ئاژانسی هەواڵی تاس، لە زاری ناوەندی فریاکەوتنی دەریایی رووسیا بڵاویکردەوە، ئەو هێرشەی کراوەتە سەر کەشتیە نەوتهەڵگرەکە زیانی بە کەشتیەکە گەیاندووە، هەروەها دوو بەلەم گەیشتوونەتە شوێنی هێرشەکە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ ماددەیەک لە کەشتیەکەوە دزەی نەکردووە، هەروەها 11 کەس لەناو ئەو کەشتیە نەوتهەڵگرەدا بوونە.

رۆژنامەی مۆسکۆ تایمز ئاشکرای کرد کە ئەو کەشتییەی کە نەوت و ماددەی کیمیاوی سیگ، دەگوازێتەوە کەوتۆتە ژێر سزاکانی ئەمەریکا، ئەمەش بەهۆی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکە جەنگییەکان لە سووریا.

ڤلادیمێر رۆگۆڤ، بەرپرسێکی رووسیا لە ناوچەی زاپۆریژیا لە باشووری ئۆکرانیا رایگەیاند، لە هێرشەکەدا بەشێکی زۆر لە کارمەندانی کەشتییەکە بەهۆی تەقینی شووشەوە برینداربوون.

دوایین هێرش لە دەریای رەشدا رۆژی هەینی رابردوو بوو، کە یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا کەشتییەکی جەنگی رووسیای لە بنکەیەکی دەریای ڕەشدا کردبووە ئامانج و رووسیاش بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی دابوو.