‎لاهور شێخ جەنگی لەبارەی گیان لەدەستدانی کاروان عەلی شامار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

K24 – هەولێر

لاهور شێخ جەنگی راگەیەندراوێکی لەبارەی گیان لەدەستدانی کاروان عەلی شامار بڵاوکردەوە و راگەیاند: مامۆستایەکی دڵسۆز بوو بۆ زانکۆ و خوێندکارەکانی، هەڤاڵ و کادرێکی بە وەفا و بە هەڵوێست و حەقبێژ بوو لە ئەرکی حیزبایەتیدا.

لە راگەیەندراوەکەی لاهور شێخ جەنگی هاتووە: "خۆی و خێزان و بنەماڵەکەی لە پێناو خزمەتکردن بە کورد و کوردستان قوربانی زۆریانداوە، هیوا و ئاواتی یەکخستنی ریزەکان و ئاشتەوایی بوو، هەربۆیە بەم کۆچەی کەلێنێکی گەورەی دروستکرد کە وا بە ئاسانی پڕنابێتەوە".

دەقی راگەیەندراوی لاهور شێخ جەنگی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

‎بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی ژیانئاوایی کاکە (کاروان عەلی شامار)، سکرتێری بەندە و کوڕی فەرماندە و تێکۆشەری دێرین عەلی شامار و ژنە سەرکردەی کورد ڕەوانشاد خاتوو وەسفیە بەنی وەیسم بیست کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کارەساتێکی دڵتەزێن لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد و بەیەکجاری ماڵئاوایی لێکردین و برینێکی گەورەی خستە سەر دڵی هەموومان.

‎بەم بۆنە خەمناک و کۆستە گەورەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و خێزان و خانەوادە و بنەماڵە تێکۆشەرەکەی دەکەین.

‎کاکە کاروان نموونەی دڵسۆزیی و ئازایەتی و ڕاستگۆیی بوو لە کار و پیشەکەیدا، مامۆستایەکی دڵسۆز بوو بۆ زانکۆ و خوێندکارەکانی، هەڤاڵ و کادرێکی بە وەفا و بە هەڵوێست و حەقبێژ بوو لە ئەرکی حیزبایەتیدا، هاوشێوەی خاتوو وەسفیەی دایکی؛ خۆی بە خزمەتکاری شەهیدان و هەموو چین و توێژەکان دەزانی، خۆی و خێزان و بنەماڵەکەی لە پێناو خزمەتکردن بە کورد و کوردستان قوربانی زۆریانداوە، هیوا و ئاواتی یەکخستنی ڕیزەکان و ئاشتەوایی بوو، هەربۆیە بەم کۆچەی کەلێنێکی گەورەی دروستکرد کە وا بە ئاسانی پڕنابێتەوە.

‎لە یەزدانی مەزن داواکارین کە گیانی کاکە کاروان بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و دڵنەواییش بە ئێمە و خێزان و خانەوادە و بنەماڵە تێکۆشەر و سەربەرزەکەی و خزم و هاوڕێ و دۆستانی ببەخشێت و ئەمە دواناخۆشییان بێت.

‎انا لله وانا الیە راجعون

‎لاهور شێخ جەنگی