بوومەلەرزە چین و ئەفغانستان و ئەندەنوسیای هەژاند.. قوربانی لێکەوتووەتەوە

هاووڵاتییان لە چین لە ترسی دووبارە روودانی بوومەلەرزە هاتوونەتە سەر شەقامەکان | وێنە: AFP
هاووڵاتییان لە چین لە ترسی دووبارە روودانی بوومەلەرزە هاتوونەتە سەر شەقامەکان | وێنە: AFP

K24 - هەولێر

سێ بوومەلەرزەی بەهێز چین، ئەندەنوسیا و ئەفغانستانیان هەژاند و هاووڵاتییانی ئەو سێ وڵاتە بە باشی هەستیان بە بوومەلەرزە کردووە. بەهۆی بوومەلەرزەکەوە دەیان هاووڵاتیی لە چین برینداربوون و زیاتر لە 100 باڵەخانەش رووخاون. هاوکات هۆشداری لە دووبارە روودانی بوومەلەرزە لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەدرێت. 

دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی تەممووزی 2023، نزیکەی کاتژمێر 2:30 خولەکی بەرەبەیان، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.4 پلەی رێختەر لە رۆژهەڵاتی چین روویدا.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە ژێر توێکلی زەوی و بە دووری 26 کیلۆمەتر لە باشووری شاری دیچۆ، لە پارێزگای شاندۆنگ روویداوە و، زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.

 

 

بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، لەکاتی روودانی بوومەلەرزە گلۆپ و رووناکی باڵەخانەکان دەهەژێن و هاووڵاتییان لە ترسان شوێنی نیشتەجێبوونیان بەجێدەهێڵن و دەچنە سەر شەقامەکان. هاوکات لە بەشێکی دیکەی گرتە ڤیدیۆیەکاندا، داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان لەسەر شەقاکەمان دەردەکەون.

کەناڵی "سی سی تی ڤی" کە کەناڵی فەرمی چینە، لە زاری بەرپرسانی پارێزگای شاندۆنگ بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بەلانی کەمەوە، 22 کەس برینداربوون و زیاتر لە 126 خانوو و باڵەخانەش وێرانبوون. کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، 54 پاشلەرزە دوای ئەو بوومەلەرزە روویداون.

 

 

دانیشتووانی هەر یەکە لە پارێزگاکانی پەکین، تیانجین و شەنگهای هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە، لە کاتێکدا ئەو سێ پارێزگایە 800 کیلۆمەتر لە چەقی بوومەلەرزەکەوە دوورن. ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی "ویبۆ" نووسیویانە، بوومەلەرزەکە زۆر بەهێز بوو و زۆر ترساون.

روودانی بوومەلەرزە لە پارێزگا جیاکانی چین شتێکی باوە، بەڵام بە دەگمەن بوومەلەرزە لە بەشی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە روودەدات، کە پارێزگا گەورەکانی ئەو وڵاتەی لێیە. بە گوتەی بەرپرسانی پارێزگای شاندۆنگ، پێشبینی دەکرێت، بوومەلەرزەی دیکە لە داهاتوویەکی نزیکدا جارێکی دیکە بەشی رۆژهەڵاتی چین بهەژێنن، بەڵام بە پلە و زیانی کەمتر.

هاوکات دوای بوومەلەرزەکەی چین، بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 6ـی ئابی 2023، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 5.3 پلەی رێختەر و 5.4 پلەی رێختەر هەر یەکە لە ئەفغانستان و ئەندەنوسیایان هەژاند. هاووڵاتییانی ئەو دوو وڵاتە هەستیان بە بوومەلەرزەکان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی زیانە گیان و ماددییەکانی ئەو دوو بوومەلەرزەیە ئاشکرا نەکراون.