شەڕەکەی ئیلۆن مەسک و مارک زوکەربێرگ لە پەخشی راستەوخۆ دەگوازرێتەوە

K24 - هەولێر:

ئیلۆن مەسک، سەرمایەدار و دامەزرێنەری هەردوو کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تێسلا و خاوەنی تویتەر، رایگەیاند، شەڕی نێوان خۆی و مارک زوکەربێرگ لە پەخشی راستەوخۆدا لە تویتەر دەگوازرێتەوە تا هەمووان بینەری بن.

ئیلۆن مەسک لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، داهاتی شەڕی نێوان خۆی و زوکەربێرگ دەچێتە بواری خێرخوازی بۆ سەربازە خانەنشینەکان.

مەسک لە تویتێکی دیکەدا دەڵێت: من رۆژانە قورسایی بەرز دەکەمەوە و خۆم بۆ شەڕەکە ئامادە دەکەم.

پەیوەندی نێوان ئیلۆن مەسک و مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا کاتێک ئاڵۆزی تێکەوت کە مارک پلاتفۆڕمی سرێدسی راگەیاند، کە هاوشێوەی تویتەر کار دەکات و لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆری بەکارهێنەری لەخۆی کۆکردەوە.

مانگی حوزەیرانی 2023، ئیلۆن مەسک بە فەرمی داوای لە مارک زوکەربێرگ کرد لەنێو قەفەسی زۆرانبازیدا رووبەڕووی ببێتەوە، لەلای خۆیەوە مارک زوکەربێرگ داواکەی قبوڵ کرد و پێی راگەیاند، کە شوێنێک بۆ زۆرانەکە دیاری بکات.