بەرپرسێکی رووسیا: ئۆکرانیا زانکۆیەکی دۆنێتسکی بە مووشەکی کلاستەر بۆردوومان کردووە

شوێنی بۆردومانەکە
شوێنی بۆردومانەکە

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی فریاگوزاری لە شاری دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لە ژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە، رایگەیاند، دوای تۆپبارانەکانی ئۆکرانیا سەقفێکی دار لە باڵەخانەیەکی زانکۆ لەو شارە ئاگری گرتووە.

ئەلێکسی کۆلیمزین، سەرۆکی شارەوانی دەستنیشانکراوی رووسیا لە تێلێگرام گوتی: لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەم دواییەی دۆنێتسک، یەکەم بالەخانەی زانکۆی ئابووری و بازرگانی ئاگری گرت.

ئەلێکسی کۆسترۆپێتسکی، وەزیری باری نائاسایی بۆ ئەو ناوچەیەی کە بە کۆماری گەلی دۆنێتسک ناوی دەبات، کە لەلایەن رووسیا دەستنیشانکراوە، گوتی: ئێمە 12 تانکی ئاو و سێ پلیکانە و 100 ئاگرکوژێنەوەمان بەکار هێناوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری زانکۆکە.

کۆسترۆپێتسکی ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی ئۆکرانیا لە بۆردومانەکەدا تەقەمەنی کلاستەریان بەکارهێناوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی بۆردومانەکەدا هیچ کەسێک لەناو بیناکەدا نەبووە و قورسترین شت ئەوەیە کە سەقفەکەی دارە، بۆیە ئاگرەکە بە خێرایی بڵاوبووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی رووسیا لە زاری کۆسترۆپێتسکی و خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکانەوە بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردومانەکەی دوێنێ شەممە، ئاگرەکە بە رووبەرێکی نزیکەی 1800 مەتر چوارگۆشە بڵاوبووەتەوە، ئەمڕۆ بەیانی یەکشەممە ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.

ئۆکرانیا لە مانگی رابردووەوە پێداویستی تەقەمەنی کلاستەری ئەمەریکی وەرگرتووە، بەڵێنی داوە کە تەنیا بۆ سەربازانی رووسیا بەکاری بهێنێت.