78 ساڵ بەسەر هێرشەکەی هیرۆشیما تێدەپەڕێت؛ "تەپڵی جەنگی ئەتۆمی لێ دەدرێتەوە"

ژاپۆنییەکان یادی 78 ساڵەی هێرشە ئەتۆمییەکەی هیرۆشیما دەکەنەوە | وێنە: AFP
ژاپۆنییەکان یادی 78 ساڵەی هێرشە ئەتۆمییەکەی هیرۆشیما دەکەنەوە | وێنە: AFP

K24 - هەولێر

لە ساڵیادی هێرشە ئەتۆمییەکەی ئەمەریکا بۆ سەر شاری هیرۆشیمای ژاپۆن، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە سەرکۆنەی "هەڕەشەکانی رووسیا" بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات و سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەڵێت، "تەپڵی شەڕی جەنگی ئەتۆمی دووبارە لێ دەدرێتەوە".

ئەمڕۆ یەكشەممە 6ـی ئابی 2023، هاووڵاتییانی ژاپۆن یادی 78 ساڵەی بۆردوومانکردنی شاری هیرۆشیما لە 6ـی ئابی ساڵی 1945 بە چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمەریکاوە کردەوە. هاووڵاتییانی هیرۆشیما لەهەمان ئەو کاتەی هێرشە ئەتۆمییەکە تێیدا ئەنجامدرا، بۆ ماوەی خولێک بەبێ دەنگی وەستانەوە.

 

ژاپۆنییەکان یادی 78 ساڵەی هێرشە ئەتۆمییەکەی هیرۆشیما دەکەنەوە | وێنە: AFP
ژاپۆنییەکان یادی 78 ساڵەی هێرشە ئەتۆمییەکەی هیرۆشیما دەکەنەوە | وێنە: AFP

 

فۆمیۆ کیشۆدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لەکاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی 78 ساڵەی هێرشەکەی هیرۆشیما لە گوتارێکدا رایگەیاند، "رێگەی داماڵینی یەکجارەکی جیهان لە چەکی ئەتۆمی بەهۆی دابەشبوونی قووڵی نێودەوڵەتی و هەڕەشە ئەتۆمییەکانی رووسیاوە سەختربووە". گوتیشی، "پێویستە دووبارە هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ داماڵینی جیهان لە چەکی ئەتۆمی چالاک بکرێتەوە".

گوتێرێس: جارێکی دیکە تەپڵی جەنگی ئەتۆمی لێ دەدرێت

هەر لە رێوەڕەسمەکەدا، ئیزومی ناکامیتسۆ، نوێنەری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری داماڵینی چەک، گوتاری ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە، کە لە بەشێکیدا هاتووە: "تەپڵی جەنگی ئەتۆمی جارێکی دیکە لێ دەدرێت. بێمتمانەیی و دابەشبوون زۆردەبێت. تارمایی جەنگی ئەتۆمی، کە لە سەردەمی جەنگی ساردا لە ئارادابوو، دووبارە دەرکەوتووەتەوە. هەندێک وڵات بە شێوەیەکی بێباکانە هەڕەشەی بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکە کۆمەڵکوژانە دەکەن".

گوتێرێس لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و داوای کرد، هەموو وڵاتان بەیەکەوە و لە چوارچێوەی پلانەکەی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە جیهان "بەیەک دەنگ قسەبکەن"، بە مەبەستی داماڵینی یەکجارەکی جیهان لە چەکی ئەتۆمی. 

 

ژاپۆنییەکان یادی 78 ساڵەی هێرشە ئەتۆمییەکەی هیرۆشیما دەکەنەوە | وێنە: AFP

 

پلانە ئاشتییەکەی گوتێرێس کە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ راگەیەندرا، داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات کاربکەن بۆ داماڵین و پاککردنەوەی جیهان لە چەکی ئەتۆمی و توندکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی دژی بەکارهێنان و بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە چەکە کۆمکوژانە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممەی رابردوو 31ـی تەممووزی 2023، لە چوارچێوەی پلانە ئاشتییەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گفتوگۆکانی تایبەت بە پەیماننامەی "رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی" لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا دەستیانپێکردووە و تا 11ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبن.

 

ژاپۆنییەکان یادی 78 ساڵەی هێرشە ئەتۆمییەکەی هیرۆشیما دەکەنەوە | وێنە: AFP
ژاپۆنییەکان یادی 78 ساڵەی هێرشە ئەتۆمییەکەی هیرۆشیما دەکەنەوە | وێنە: AFP

 

گوتێرێس گوتی، "ئەو وڵاتانەی چەکی ئەتۆمییان هەیە، پێویستە لەسەریان پابەندبن بەوەی هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەکارنەهێنن" و جەختیشی لەوە کردەوە، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پابەنددەبێت بە بەردەوامی کارکردن بۆ باشترکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە داماڵینی چەک و بڵاوکردنەوەی، بەتایبەت پەیماننامەکانی "رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی".

شایەنی ئاماژە پێ کردنە، ژاپۆن نەچووەتە پاڵ پەیماننامەی "قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی" کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی پەیماننامەی "قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی".

هێرشە ئەتۆمییەکەی ئەمەریکا بۆ سەر هیرۆشیما و ناکازاکی

78 ساڵ لەمەوبەر و رۆژی 6ـی ئابی 1945، لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم، فڕۆکەیەکی ئەمەریکی بۆمبێکی ئەتۆمی بە ناوی "لیتڵ بۆی" بۆ سەر شاری هیرۆشیمای خستەخوارەوە و لە ماوەی چەند خولەکێکدا سەدان هەزار هاووڵاتیی ئەو شارەی کوشت. دوای سێ رۆژ و لە 9ـی ئاب، فڕۆکەیەکی دیکەی ئەمەریکی بۆمبێکی ئەتۆمی بەناوی  "فات مان" بۆ سەر شاری ناکازاکی ئەو وڵاتە خستەخوارەوە و سەدان هەزار هاووڵاتیی دیکەی کوشت.

لە کاتێکدا 78 ساڵ بەسەر هێرشە ئەتۆمییەکەی ئەمەریکا بۆ سەر ژاپۆن تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا هیچ ئیدارە و سەرۆکێکی ئەمەریکا بە شێوەیەکی فەرمی داوای لێبووردنی لە گەلی ژاپۆن نەکردووە. هاری تروومان، 33ـیەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەواڵی بۆردوومانکردنی شارەکانی هیرۆشیما و ناکازاکی بە ئەمەریکا و جیهانی راگەیاند.

هەر لەبارەی هێرشەکە، هاری تروومان ئاماژەی بەوە کرد، لە هێرشەکەدا "دوژمن"ـیان کردووەتە ئامانج، بەڵام بەهۆی هەردوو هێرشەکەی ئەمەریکاوە، زیاتر لە 126 هەزار هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 90 هەزار کەسی دیکەش بریندارن. هاوکات دەیان هەزار هاووڵاتیی ژاپۆنی ئاوارەبوون و زیاتر لە سەدا 90ـی هەردوو شاری هیرۆشیما و ناکازاکی وێران بوون.

بۆردوومانکردنی هیرۆشیما بە چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمەریکاوە، لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی دووەمدا بوو؛ ئەو کات هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی بەریتانیا و ئەمەریکا دەیانویست ژاپۆنییەکان خۆیان رادەست بکەن و چەکەکانیان دابنێن. بەهۆی هێرشەکەوە، دواجار ژاپۆن خۆی رادەست کرد و شەڕی جیهانی دووەم کۆتاییهات.

بەکارهێنانی ئەو دوومبە ئەتۆمییە لەلایەن ئەمەریکاوە، بە یەکەمین بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە مێژوودا دادەنرێت. بۆمبەکان ناوچەی دەووربەری خۆیان بەتەواوەتی سووتاند و بۆ ناوچەیەکی بێ ژیانی گۆڕی.

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا، یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو کە لەماوەی پۆستەکەیدا سەردانی شاری هیرۆشیما بکات. تاجەگوڵی لەسەر مۆنیمێنتی قوربانییانی هێرشە ئەتۆمییەکە دانا و پاشان گوتارێكی پێشکەشکرد.