ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ لەسەر هێنانەکایەی قەزای هەریر دەدات

هەریر
هەریر

K24 - هەولێر

سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر هێنانەکایەی قەزای هەریر و لکاندنی ناحیەی باسرمە بەو قەزایەوە دەدات. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، بڕیارەکە لەسەر فەرمان و راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی ئابی 2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی دووشەممە، کاتژمێر 11:30ـی پێشنیوەڕۆ، ئەنجوومەنی پارێزگاکە کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر ‌هێنانەکایەی قەزای هەریر، کە ناوەندەکەی شارۆچکەی هەریر دەبێت، دەدات.

بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەنگ لەسەر پچڕانی ناحیەی باسرمە لە قەزای شەقڵاوە و لکاندنی بە قەزای هەریرەوە دەدەن.

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە 30 ئەندام پێکدێت. لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵی دادگەریی تاکە نوێنەرەکەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کشاندەوە و هاوکات دوو ئەندامی ئێستای ئەنجوومەنەکە مۆڵەتییان وەرگرتووە؛ بەو پێیە سبەی دووشەممە لە کۆی 30 ئەندام، 27 ئەندام بەشداری لە کۆبووەنەوەکەدا دەکەن.

نووسراوی هێنانەکایەی قەزای هەریر لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرەوە ئاراستەی لیژنەی ناوخۆیی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کراوە و عەلی رەشید دەڵێت، "سبەی 27 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن، پێموایە لە کۆی ئەو ژمارەیە 24 ئەندام دەنگ بەو گۆڕانکارییانە دەدەن، بە ئەندامانی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕانیشەوە".

ناحیەی هەریر دەکەوێتە سەر بە قەزای شەقڵاوە لە سنووری پارێزگای هەولێر و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 23 هەزار کەسن.  ڕووبەرەکەی 560 کیلۆمەتر جوودایە و   بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 100 گوند لە سنووری ئەو ناحیەیە هەن.

لەبارەی ئەوەی ئایا کێ وەکو قائیمقامی هەریر هەڵدەبژێردرێت؟ عەلی رەشید ئەوەی خستەڕوو، "هەڵبەتە دوای ئەوەی بڕیار لەبارەی هێنانەکایەی قەزای هەریر دەدرێت، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکدەهێدرێت و سیڤی ئەو کەسانە وەردەگرن، کە داوا بۆ بە قائیمەقامبوون پێشکەش دەکەن، دواتر ئێمە سیڤییەکان وەردەگرین و باشترین کەس بۆ ئەو پۆستە هەڵدەبژێرین".

وەکو ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر باسی کرد، مەبەست لە هێنانەکایەی ژمارەیەک ناحیە و قەزای نوێ لە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆ گەیاندنی زیاتری خزمەتگوزارییەکانە بۆ ئەو شوێنانە و ئاماژە بەوە دەدات، "بە قەزاکردنی ناحیەی هەریر لەسەر فەرمان و راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە".

رۆژی دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2023، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر  لەکۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 109ـی خۆیدا دەنگی لەسەر هێنانەکایەی هەر سێ ناحیەی کۆڕێ، بناری سەفین و بەستۆرە لە سنووری قەزای پیرمام و ناحیەی بێستانە لە سنووری قەزای بنەسڵاوە دا.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دەنگ لەسەر هێنانەکایەی گوندی حاجی هارۆن لە ناحیەی بەحرکە – قەزای ناوەندیی هەولێر و گوندی ئازاد لە ناحیەی باسرمە – قەزای شەقلاوە درا. هاوکات دەنگ لەسەر لکاندنی ناحیەی دارەشەکران، کە سەر بە قەزای خەبات بوو؛ بە قەزای پیرمامەوە درا.