میدڤیدیڤ: پێویسته ئۆكرانیا چۆك دابدات و داوای به‌زه‌یی له رووسیا بكات
K24- هه‌ولێر:
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رووسیا بیرۆكه‌ی دانیشتن بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی ئۆكرانیا له ئێستادا ره‌تده‌كاته‌وه، هاوكات سێ مه‌رج دیاری ده‌كات له‌پێناو به‌دیهێنانی ئاشتی له‌و وڵاته.
ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 6ـی ئابی 2023) دیمیتری میدڤیدیڤ، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رووسیا هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ئه‌نجامه‌كانی لووتكه‌ی جه‌دده كرد سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی پرسی ئۆكرانیا، هاوكات دووپاتیكرده‌وه گه‌لان مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان هه‌یه، هه‌روه‌ك چۆن مافی سه‌روه‌رییان هه‌یه.
هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رووسیا رایگه‌یاند، پێشنیازی ئاشتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی ئۆكرانیا به سێ مه‌رجه‌وه په‌یوه‌سته، كه گرنگترینیان به‌شداریكردنی هه‌ردوو لایه‌نه واته رووسیا و ئۆكرانیا له دانوستانه‌كان، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی له لووتكه‌ی جه‌دده رووسیا به‌شداری پێ نه‌كرا.
میدڤیدیڤ هاوكات ده‌ڵێت، خاڵێكی دیكه بۆ چاره‌سه‌رییه‌كی ئاشتیانه‌ی ئه‌و پرسه بریتییه له به‌هه‌ندوه‌رگرتنی كۆنتێكستی مێژوویی به‌و شێوه‌یه‌ی كه ده‌وڵه‌تی ئۆكرانیا به‌ر له ساڵی 1991 ده‌وڵه‌ت نه‌بووه، به‌ڵكو به‌شێك بووه له رووسیا.
به‌گوته‌ی میدڤیدیڤ یه‌كێكی دیكه له مه‌رجه‌كان بریتییه له له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی ئێستای ئۆكرانیا، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و وڵاته ئێستا له قۆناغی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌شه‌كییه و به‌شێكی خاكه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته سه‌ر رووسیا.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رووسیا هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، له ئێستادا له‌سه‌ر دوژمن "ئۆكرانیا" پێویسته چۆك دابدات و داوای به‌زه‌یی له رووسیا بكات.
رۆژی (شه‌ممه 5ـی ئابی 2023) له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه مرۆییه‌كان بۆ كۆتاییپێهێان به جه‌نگی رووسیا – ئۆكرانیا، شاری جه‌دده‌ی سعوودیه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نوێنه‌رانی ژماره‌یه‌ك له وڵاتان له‌خۆگرت.
ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كه بریتی بوو له زیادكرنی گفتوگۆ و هاریكارییه‌كان و بیروڕا گۆڕینه‌وه له‌نێوان وڵاتان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌كی دیپلۆماسی و سیاسی بۆ جه‌نگی رووسیا – ئۆكرانیا، كه دواجار ببێته هۆی به‌رقه‌راربوونی ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و دوورخستنه‌وه‌ی جیهان له لێكه‌وته‌ی زیاتری مرۆیی، ئابووری و ئاسایشی.
جگه له سعوودیه، ئۆكرانیا، ئه‌مه‌ریكا، به‌ڕازیل، چین، هیند و باشووری ئه‌فریقیا ژماره‌یه‌ك وڵاتانی دیكه كه كۆی گشتیان 40 وڵات بوو به‌شداری ئه‌و لووتكه‌یان كرد.
له 24ـی شوباتی 2022، به فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س له سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه به‌رده‌وامه.