شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ "پێداچوونەوە بە ژمارەیەک رێککەوتنامە" گەیشتە بەغدا

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و و لەگەڵ لایەنەکانی نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت "پێداچوونەوە بە کارنامەی کارکردنی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی و رێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن".

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئابی 2023، شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و، بڕیارە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەنجام دەدات.

لەوبارەوە ئەمڕۆ دووشەممە، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا پێداچوونەوە بە رێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، کارنامەی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نووسینەوەی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز دەکرێت.

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتراستکردەوە و لەبارەی ئەوەی ئایا لەگەڵ کێ کۆدەبنەوە، رایگەیاند، ناتوانن ئێستا وردەکاریی بەرنامەی کۆبوونەوەکانیان ئاشکرابکەن.

کوردستان24 زانیویەتی، فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و هەر یەکە لە هۆشیار زێباری، مەحموود محەممەد، پشتیوان سادق، فوئاد حوسێن و ژمارەیەک ئەندامی دیکەی مەکتەبی سیاسی ئەندامێتی شاندەکە دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی شەممەی رابردوو 5ـی ئابی 2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و نووسینەوەی پرسی پڕۆژەیاسای نەوت گاز گەیشتە بەغدا.

یەکێک لەو پرسانەی ماوەی چەندین ساڵە ناکۆکی خستووەتە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازە. پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لەماوەی ئەمساڵدا لەو رێککەوتنە سیاسەدا هاتووە، کە پێکهێنەرانی حکومەتی ئێستای عێراق لەسەری رێککەوتوون.

بەگوێرەى کارنامەى حکومەتى محەممەد شیاع سوودانى، کە لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەری رێککەوتوون، هەردوو حکومەتى فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمى کوردستان سەرپشک دەکرێن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەى نەوت و بودجە تاوەکو لە ماوەى شەش مانگدا یاساى نەوت بە گوێرەى دەستوور گەڵاڵە دەکرێت.

رۆژی چوارشەممە 2ـی ئابی 2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە رایگەیاند، ئه‌و بڕە پارەیەی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ كرا، "نه‌ك شایسته‌ داراییەكانی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت مووچه‌ی ته‌واوه‌تی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش نه‌بوو"

بەگوتەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "هیچ هۆكارێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین جار پابه‌ندبوونی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌تی عێراق دووپاتكردووه‌ته‌وه‌".