تەقینەوەیەک لە سایلۆیەکی دانەوێڵە لە تورکیا روویدا

هاووڵاتییان لە نزیک شوێنی تەقینەوەکە کۆبوونەتەوە | وێنە: IHA
هاووڵاتییان لە نزیک شوێنی تەقینەوەکە کۆبوونەتەوە | وێنە: IHA

K24 - هەولێر

تەقینەوەیەک لە سایلۆیەکی دانەوێڵە لە پارێزگای کۆجائێلی تورکیا روویدا و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی تەقینەوەکەوە پێنج کەس برینداربوون. 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئابی 2023، تەقینەوەیەک لە سایلۆیەکی دانەوێڵە لە بەندەری بازرگانی دێرینسی روویدا کە دەکەوێتە سەر دەریای مەڕمەڕە لە پارێزگای کۆجائێلیی تورکیا.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهەۆی تەقینەوەکەی بەندەری بازرگانی دێرینسی، پێنج کەس بریندراربوون و زیانی بە بەشێک لە خانووەکانی دەوروبەری بەندەرەکە گەیاندووە و پەنجەرەی دەیان خانوو و باڵەخانەی شکاندووە.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، تیمەکانی بەرگریی شاستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە دیارنییە و هێزە ئەمنییەکانیش لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.

بە گوتەی پەیامنێری "سی ئێن ئێن تورک"، ساڵی ڕابردوو یەکەم کەشتی دانەوێڵە لە ئۆکرانیاوە گەیشتە ئەم بەندەرە و ئاماژەی بەوەدا کە تەقینەوەکە لە یەکێک لە سایلۆکانی گەنم ڕوویداوە.