نێردراوی کوردستان24: کۆبوونەوەی شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت کۆتاییهات

بەشێک لە کۆبوونەوەکە
بەشێک لە کۆبوونەوەکە

K24 – بەغدا:

نێردراوی کوردستان24 بۆ بەغدا رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت کۆتاییهات.

رۆژی دووشەممە (7ـی ئابی 2023)، نەورەس عەبدوڵڵا، نێردراوی کوردستان24 بۆ بەغدا رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا هەریەکە لە موحسین مەندەلاوی، جێگریب سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە لە کۆبوونەوەکە هاتوونەتە دەرەوە، دوای تەواوبوونی گفتوگۆکانیان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەمشەو لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و سبەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی دیکە بەردەوام دەبێت، پێش ئەوەی بگەڕێنەوە هەولێر.

هاوکات نێردراوی کوردستان24 بۆ بەغدا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەکە شاندەکە پەیامی پارتی بە لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت گەیاندووە لەبارەی پەیڕەوکردنی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکراوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکە شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی نیگەرانییەکانی خۆیان لە جێبەجێنەکردنی بەشێک لە بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان لایەنەکان و کارنامەی کابینەی حکومەت و شێوازی هاوبەشیکردن و بڕیاردان لە پرسەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان گەیاندووەتە سەرکردەکانی ئیدارەی دەوڵەت.

شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و ئەندامییەتی هەر یەکە لە فوئاد حوسێن، هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، نەوزاد هادی، جەعفەر ئێمینکی، شاخەوان عەبدوڵڵا، بەنگین رێکانی، ئومێد سەباح و فارس عیسا پێکهاتوون.