سەربەست لەزگین: پارتی نیگەرانی و تێبینی لە هەندێک سیاسەتی بەغدا بەرامبەر کوردستان هەیە

سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کورستان و لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ به‌غدا کۆبوونەوە، لەوبارەیەوە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت، بە ئەنجامی گەیشتن بە رێککەوتن کۆبوونەوەکانی هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبن. هاوکات گوتیشی: پارتی نیگەرانی و تێبینی لە هەندێک سیاسەتی بەغدا بەرامبەر کوردستان هەیە، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک سەربەست لەزگین، دەڵێت: ئەگەر بە دوو لیستی جیا یاخود سێ لیستیش کورد بەشداری بکات لە قازانجی کوردە بەو مەرجەی دوای هەڵبژاردن هەموویان یەک بگرنەوە.

سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، نیگەران و تێبینیان لەسەر سیاسەتی عێراق لە شوێنی خۆی دابوو، بۆیە لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدایان کرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەو خاڵانەی کە کە لە نێوانیان تێبینیان لەسەری هەیە، بە ئومێدی گەشتنە رێککەوتن و لەپێناو جێبەجێکردنی داواکاراییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، راشیگەیاند، رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور بوون، هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زۆر سەرکەوتوو بوو لە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، هاوکات ئەو خاڵانەی کە لەنێوان هەولێر و بەغدا رێککەوتنی لەسەر کرا لەلایەن بەغداوە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، هەمیشە هەندێک لایەنی سیاسی لە بەغدا دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن، هەروەها دەیانەوێت کۆسپ بخەنە بەردەم رێککەوتنی هەولێر و بەغدا.

سەربەست لەزگین، دەشڵێت: "نیگەرانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەمان نیگەرانیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، ئێمە خۆمان شەرمەزاری میلەتی خۆمان ناکەین و پاراستنی هەرێمی کوردستانیش بە ئەرکی خۆمان دەزانین".

باسی لەوەشکرد، پارتی خۆی شەرمەزاری قوربانیدانی گەلی کوردستان ناکات، پاراستنی شکۆ و هەرێمی کوردستان بە بەرپرسیارەتی خۆمان دەزانین.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، دووپاتیکردەوە، کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە عێراقییەکان بەردەوام دەبێت، "بە ئومێدی ئەو ئەوەی بگەنە ئەنجامی باش لەپێناو زامن کردنی مافی هاووڵاتییانی خۆمان، هەروەها دۆخی عێراق بە ئیدارەدانی هاوبەش چارەسەر دەکرێت".

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، سەربەست لەزگین گوتی: ئەگەر لەو هەڵبژاردنە بە دوو لیست، یاخود سێ لیستیش لایەنە کوردییەکان بەشدار بن، بە قازانجی کەرکووک دەبێت و تاکوو دەنگی زیاتر بتوانن بەدەست بهێنن، بەو مەرجەی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەموو لایەنە کوردییەکان یەکبگرنەوە بۆ مەبەستی بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

گوتیشی: "هەوڵ دەدەین دەنگێکی باش لە کەرکووک بەدەستنبهێنین، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە داکۆکیکاری سەرخستنی ناسنامەی رەسەنی کەرکووک بووە".

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زۆرر گرنەگە بەلایەنەوە و چارەنووسسازە، پێویستە لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، هەروەها پێویستە هەموو پشگیری لە ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە (7ـی ئابی 2023) لە بەغدا، شاندی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی فازڵ میرانی له‌ به‌غدا له‌ ئۆفیسی سه‌ره‌كی هادی عامری و به‌ ئاماده‌بوونی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و موحسین مه‌نده‌لاوی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت کۆبوونەوە.

نێردراوی کوردستان24 بۆ بەغدا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەکە شاندەکە پەیامی پارتی بە لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت گەیاندووە لەبارەی پەیڕەوکردنی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکراوە.