دابەشکردنی فۆڕمی نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون راگەیەندرا

دیمەنێکی هەولێر - فۆتۆ: سابر دری - ئەرشیف
دیمەنێکی هەولێر - فۆتۆ: سابر دری - ئەرشیف

K24 – هەولێر

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن فۆڕمی دابەشکردنی نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی راگەیاند و چەند مەرجەکانیان بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 8/8/2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی فۆڕمی نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەمدەرامەتەکان راگەیاند.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە روونیکردەوە، ئەو یەکانە بەبێ پێشەکی بە قیستی 25 ساڵ دەدرێن بە هاووڵاتییانی کەمدەرات.

گوتیشی: "لە ئەمڕۆوە ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە دەتوانن فۆڕمەکانیان پڕبکەنەوە و زانیارییەکان بخەنەڕوو، کە بەشێوەیەکی زانستی و بەهاوکاری کۆمەڵەی کرێنشینان فۆڕمەکان ئامادەکراوە".

روونیکردەوە: "لە ماوەی سێ مانگدا هاووڵاتییان دەتوان فۆڕمەکانیان پێشکەش بکەن، دواتر لیژنە لە سنووری ناحیە و قەزا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدەهێنرێ بۆ دیاریکردنی خاڵەکان".

دانا عەبدولکەریم، ئاشکرای کرد: "کۆی ئەو یەکانە نۆ هەزار و چوار یەکەی نیشتەجێبوونە و بەشێکیان تەواو بوونە، دواتر بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان زانیاری وردتر دەخرێتەڕوو".

بەگوێرەی مەرجەکان، ئەو کەسەی فۆڕم بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون پێشکەش دەکات دەبێ تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵ بێت و خێزاندار بێت.

پێشکەشکردنی فۆڕم بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت و لە سەرەتادا، داواکار دەبێ مەرجەکان بزانێت، هەر کەسێک رازی نەبێت بەو مەرجانە بۆی نییە سوود لەو سیستەمە وەربگرێت و داواکاری پێشکەش بکات.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاندووە، بڕیاریانداوە هیچ بارگرانیەک بۆ کەس دروست نەبێت و هیچ بەڵگەیەک داوا نەکات، بەڵام پاشان هەر کەسێک بەپێی ئەو مەرجانەی داواکراوە توانی خاڵی پێویست بەدەست بهێنێت و ببێتە خاوەن یەکەیەک لەو یەکە نیشتەجێبووانەی دیاریکراون ئەوا مەرجە هەموو زانیارییەکان بسەلمێنێت کە لەم فۆڕمی داواکارییەدا تۆماری کردووە.

.
.