ژمارەیەک رووبار و بەنداوی سنووری گەرمیان بۆ گەشتوگوزار و مەلەکردن قەدەغە کران

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە 400 هاوولاتیی لە هەرێمی کوردستان لەئاودا خنکاون (وێنەکە بۆ روونکردنەوە دانراوە)
لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە 400 هاوولاتیی لە هەرێمی کوردستان لەئاودا خنکاون (وێنەکە بۆ روونکردنەوە دانراوە)

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی گەرمیان "بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بەدوور بن لە ڕووداوی نەخوازراوی خنکان" ژمارەیەک رووبار و بەنداوی ئەو سنوورەی بۆ مەلەکردن و گەشتوگوزار قەدەغەکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئابی 2023، بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا، داوای لە هاووڵاتییانی ئەو سنوورە کرد، بۆ ئەوەی بەدوور بن لە ڕووداوی نەخوازراوی خنکان، بە مەبەستی گەشتوگوزار و مەلەوانی کردن، سەردانی ژمارەیەک رووبار و بەنداو نەکەن.

ئیبراهیم محەممەد عەبدولڕەحمان، گوتەبێژی بەرگریی شاستانی گەرمیان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا سێ هاووڵاتیی لە سنووری گەرمیان لە ئاودا خنکاون و ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکەش لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شاستانییەوە رزگارکراون.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی گەرمیان لە راگەیەنداروەکەیدا، داوای لە هاووڵاتییان کردووە بۆ مەلەکردن و گەشتوگوزار سەردانی هەر یەکە لە ڕووباری سیروان،  بەنداوی باوەشاسوار، بەنداوی ئاوە سپی، بەنداوی تووڕە جاڕ و بەنداوی خانەقین نەکەن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی گەرمیان، لەسەر ڕاسپاردەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بۆ  پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و کەمکردنەوی ڕووداوە نەخوازراوەکانی خنکان بووە. ئەوەش روونکراوەتەوە، "دەکرێت لەبری ئەو جێگایانە، سەردانی ئەو مەلەوانگانە بکەن کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و لە قەزا و ناحیەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیانن".

بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە حەوت مانگی ئەمساڵدا 56 کەس و لە ساڵی 2022ـش 77 هاووڵاتیی لە هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لە ماوەی چوارساڵی رابردوو زیاتر لە 400 هاووڵاتیی، کە بەشێکیان گەشتیار و بەشێکی دیکەش دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون، لە ئاودا خنکاون. هاوکات بە گوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە 250 هاووڵاتیی دیکەش لەلایەن تیمەکانی بەگریی شارستانییەوە رزگارکراون.

رۆژی یەکشەممە 6ـی ئابی 2023، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قوربانی و رووداوەکانی خنکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس، ئەو شوێنە گەشتیارییانە دادەخەن کە لە ماوەی رابردوو هاووڵاتیان و گەشتیاران تێیدا خنکاون و مەترسیدارن بۆ مەلەکردن.

رۆژی 25ـی تەممووزی 2023 و لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی رووداوەکانی خنکان، بە سەرپەرشتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و چەندین دامەزراوەی پەیوەندیداری حكومەتی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بۆ رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی رووداوەكانی خنکان و گرتنەبەری رێكاری پێویست بەڕێوەچوو.  سروە رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی ھەماھەنگی و قەیرانەكانی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا پلانێكی بەرفراوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی رووداوەكانی خنکان دارێژرا لەوانە دانانی تابلۆ بۆ دیاریكردنی قۆڵایی ئاو و رێنماییەكانی مەلەكردن.