له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی کۆبوونەوەیەک لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خنکان لە ئاودا بەڕێوەچوو

کۆبوونەوەیەک لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خنکان لە ئاودا
کۆبوونەوەیەک لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خنکان لە ئاودا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان کۆبوونەوەیەک لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خنکان لە ئاودا بەڕێوەچوو، كه‌ تێیدا دامەزراوە پەیوەنددارەکان راسپێردران بۆ دیراسەكردنی هۆکارەکانی زۆربوونی خنكان له‌ رووباره‌كان و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 25ـی ته‌ممووزی 2023) راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاندووه‌، لەسەر راسپاردەی سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی و بە سەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ به‌شداری لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌، کۆبوونەوەیەک لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خنکان لە ئاودا بەڕێوەچوو.

راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئامانجی کۆبوونەوەكه‌ بریتی بوو له‌ تاوتوێکردنی ئامارەکانی خنکان لە ساڵی 2022 و شەش مانگی یەکەمی 2023 لە هەرێمی کوردستان، هاوكات له‌گه‌ڵ هەڵوەستەکردن لەسەر ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی خنکان.

به‌گوێره‌ی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دامەزراوە پەیوەنددارەکان راسپێردران دیراسەی هۆکارانه‌ بکەن و تابلۆی ئاگادارکردنەوە بە زانیاری ورد لە شوێنە گەشتیارییە ئاوییەکان و رووبار و دەریاچە و چۆمەکان دابندرێ بۆ هۆشیارکردنەوەی گەشیار و هاووڵاتیان لە مەترسییەکانی مەلەکردن لەو شوێنانە.

هه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، ئەمڕۆ 25ـی ته‌ممووزی 2023، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانیان ئەنجامدا بە سەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد، وەزیرای ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە دانانی پلانی سەرەکی بۆ ئەو شوێنانە و سەیرانگانەی کە ئاوی لێیە، بۆ ئەوەی زیاتر ژیانی هاووڵاتیان پاریزراو بێت و حاڵەتەکانی خنکان نەمێنێت.

هەروەها راشیگەیاند، لەگەڵ وەزیری ناوخۆ جەختمان لە پێگەیاندنی توانای مرۆیی و راهێنان بە خۆبەشان کردووەتەوە، هەروەها پالنێکمان داناوە بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە هاووڵاتییان بۆ ئەوەی لەناو  ئاوەکان مەلە نەکەن.

بەڕێوەبەری گشتی هەماهەنگی قەیرانەکان، ئاماژەی بەوەدا، وەزیری ناخۆ جەختی لەوە کردەوە لەسەر ئاستی هۆشیاری پێویستە پڕۆگرامی تایبەت دابنێن و کاری لەسەر بکرێت هەم لەسەر پێگەیاندنی توانای مرۆیی، جگە لە تیمەکان پێویستە ئەو توانایەیان هەبێت هەبێت هەروەها پێگەیاندنی خۆبەخشی ناوچەکان، وەزارەتی ناوخۆ لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو زۆر کاری لەسەر کردووە سەدان خۆبەخشی پێگەیاندووە، کە خۆبەصەکان رپڵیان هەبووە لە رزگارکردنی سەدان گەشتیار لە خنکان.

گوتیشی: ئێمە بینیمان لە کاتی لافاوەکان ئەو کارانەی کە خۆبەخشەکان ئەنجامیاندا نموونەیی بوو. کە وەزارەتی ناخۆ لە رێگەی خولەکانی بۆیان ئەو توانایانەی بۆ دروستکردبوون، هەروهە هەمان ئەو توانایانە کاریان لەسەر دەکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی حالەتەکانی خنکان، رزگاربوونی کەسەکان و بەهاناوەچوون دروستبکرێت.