بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ناحیەی خەلیفان کرا بە قەزا و گوندی سرێشمە کرا بە ناحیە

K24 – هەولێر:

لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناحیەی خەلیفان کرا بە قەزا و گوندی سرێشمە کرا بە ناحیە، کە بەگوێرەی ئەو فەرمانەش، خەلیفان دەبێتە شەشەم قەزای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

رۆژی سێشەممە (8ـی ئابی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە درێژەی ھەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بە ناحیەکردن و قەزاکردنی شارەکانی ھەرێمی کوردستان، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و کارئاسانی و پێویستی بۆ راپەراندنی کاروباری ھاووڵاتییان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوو فەرمانی دەرکرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ناحیەی خەلیفان کرا بە قەزا و گوندی سرێشمە کرا بە ناحیە لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم دوو فەرمانە لە رێکەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.

لە (28ـی تەمموزی 2021) بە بڕیاری ژمارە (107) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بڕیاریدا بە هێنانە کایەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە لە قەزاکانی سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگەسۆر پێکهاتبوو، دواتریش لە سەرەتای ئەمساڵ هەر بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیدەکان کرا بە قەزا.

دوای بڕیارەکەی ئەمڕۆی سەرۆکوزیران مەسرور بارزانی، خەلیفان دەبێتە شەشەم قەزای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

ژماره‌ی دانیشتووانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، نزیکەی 350 هەزار کەسە، كه‌ (14.4%)ی دانیشتوانی پارێزگای هه‌ولێر پێكده‌هێنن.‌ رووبەریشی 5473 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه،‌‌ ناوەندی ئیداره‌کە قەزای سۆرانە، به‌ گشتی ئیداره‌ی سۆران له‌ شەش قەزا و 14 شاره‌دێ و 796 گوند پێكدێت.