ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی بۆ هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ عێراق دووپاتکردەوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و عێراق پابەندبوونی خۆیان بە بەردەوامی هاوکاری ئەمنی و سەربازی لە هەموو بوارەکاندا و بەرەنگاربوونەوەی داعش و مەشقپێکردنی هێزە سەربازییەکانی عێراق دووپاتکردەوە.

سابت ئەلعباسی، وەزیری بەرگری عێراق لەگەڵ سێلێست والاندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی بەرگریی دوو قۆڵیان کرد، ئەمەش بەپێی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی ئەمەریکا و عێراق.

هەردوولا جەختیان لە پابەندبوونیان بە پەرەپێدانی توانا ئەمنی و بەرگرییەکانی عێراق و نیازی خۆیان بۆ قووڵکردنەوەی هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ پێشخستنی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات لە ئاسایش و سەروەری عێراق و لە سەقامگیری ناوچەکەدا کردەوە.

هەروەها باسیان لە تەحەددیات و دەرفەتەکانی فراوانکردنی بەشداری عێراق لە مانۆڕە سەربازییەکان بە سەرۆکایەتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا و هەروەها بەرنامەکانی هاوکاری ئەمنی کردەوە.