شاندی پارتی له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی کۆبوونەوە

K24 - هه‌ولێر:

شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و هەندێک پرسی دیکە، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (9ـی ئابی 2023) شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوە.

نەورەس عەبدوڵڵا، نێردراوی کوردستان24 بۆ بەغدا، رایگەیاند، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتی گفتوگۆ دەکەن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوانیان، لە ماوەی رابردووشدا سێ کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.

راشیگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان کۆمەڵێک بابەت هەیە کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، یەکەمیان پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانە، هەروەها پەیوەندی سیاسی پارتی و یەکێتی ئەویش بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکانی نێوانیان.

شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و ئەندامییەتی هەر یەک لە فوئاد حوسێن، هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، نەوزاد هادی، جەعفەر ئێمینکی، شاخەوان عەبدوڵڵا، بەنگین رێکانی، ئومێد سەباح و فارس عیسا ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ و دیداریان ئه‌نجام داوه‌.

رێککەوتی (30ـی تەمموزی 2023) شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دەباشان کۆبوونەوە، کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەیان پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بوو.