پۆڵه‌ندا دوو هه‌زار سه‌رباز له‌سه‌ر سنووره‌كانی بیلاڕووسیا بڵاوده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
پۆڵه‌ندا مه‌به‌ستییه‌تی هه‌زار سه‌ربازی دیكه له‌سه‌ر سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ بیلاڕووسیا بڵاوبكاته‌وه، هاوكات جێگری وه‌زیری ناوخۆی ئه‌و وڵاته رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌زار سه‌رباز نییه، دوو هه‌زاره.
واچاوه‌ڕان ده‌كرێت حكومه‌تی پۆڵه‌ندا له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی داهاتوو، هه‌زار سه‌بازی دیكه له‌سه‌ر سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ پۆڵه‌ندا بڵاوه‌پێبكات، به‌ڵام ماچی فاشیك، جێگری وه‌زیری ناوخۆی پۆڵه‌ندا رایده‌گه‌یه‌نێت، دوو هه‌زار سه‌ربازی دیكه ده‌چنه پاڵ ئه‌و هه‌زار سه‌ربازه‌ی له‌سه‌ر سنووره‌كانی نێوان پۆڵه‌ندا و بیلاڕووسیا بڵاوه‌یان پێكراوه.
جێگری وه‌زیری ناوخۆی پۆڵه‌ندا هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه، ئامانج له بڵاوه‌پێكردنی سه‌ربازی زیاتر له‌سه‌ر سنووره‌كانیان له‌گه‌ڵ بیلاڕووسیا بۆ رێگریكردنه له په‌ڕینه‌وه‌ی نایاسایی كۆچپه‌ران و چه‌ندین بواری دیكه‌ی ئه‌منی. روونیشیكردووه‌ته‌وه، وه‌زاره‌تی به‌رگری پۆڵه‌ندا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره داوه.
هه‌روه‌ها فاشیك ده‌زگاكانی بیلاڕووسیای به رێكخستنی هه‌موو جۆره هه‌وڵێك بۆ په‌ڕینه‌وه له سنووره‌كانی نێوان به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی تۆمه‌تبار كرد. هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، پاسه‌وانی سنووری راسته‌قینه‌یان هه‌یه، نه‌ك باندی به‌قاچاخبردن.
رۆژی (دووشه‌ممه 7ـی ئابی 2023) پاسه‌وانی سنووری پۆڵه‌ندی رایگه‌یاند، له‌وه‌ته‌ی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه 19 هه‌زار كۆچبه‌ری ناسایایی هه‌وڵی چوونه ناو پۆڵه‌ندایان داوه، له كاتێكدا له ته‌واوی ساڵی 2022ـدا نزیكه‌ی 16 هه‌زار كۆچبه‌ر هه‌وڵیان دابوو بچنه ناو سنووره‌كانی ئه‌و وڵاته. هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه، به ته‌نیا له مانگی ته‌ممووزی ئه‌مساڵدا زیاتر له چوار هه‌زار كه‌س هه‌وڵی په‌ڕینه‌وه‌یان داوه.
حكومه‌تی پۆڵه‌ندا حكومه‌تی بیلاڕووسیای به‌وه تۆمه‌تبار كردووه، كه ده‌یه‌وێ له رێگه‌ی كۆچبه‌رانه‌وه ئاڵۆزی له‌سه‌ر سنووره‌كانی پۆڵه‌ندا له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا دروست بكات.