مەحموود حەیانی: هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پێشوازی لە داواکارییەکانی پارتی دەکات

مەحموود حەیانی، سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح
مەحموود حەیانی، سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح

K24 – هەولێر:

سەرکردەیەکی هاوپەیمانی فەتح، رایدەگەیەنێت، کۆبووەنوەکەی شاندی پارتی و ئیدارەی دەوڵەت ئەرێنی بوون و  هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پێشوازی لە داواکارییەکانی پارتی دەکات، هاوکات دەشڵێت: پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا جێگیر کراوە.

مەحموود حەیانی، سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان و لایەنە سیاییەکانی عێراق زۆر ئەرێنی بوون، زۆر بە گرنگیەوە باسی ئەو سەردانەیان کراوە لە عێراق.

هاوکات جەختی لەوەکردەوە، "کە کوردەکان برای ئێمەن و پێویستە داواکارییەکانیان جیبەجێ بکرێن و بە گرنگییەوە لەبەرچاو بگیرێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و مالیکی پێشوازیان لەو داواکارییانە کرد".

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکانی شاندی پارتی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئەرێنی بوون و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پێشوازی لە داواکارییەکانی پارتی دەکات.

ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی فەتح، باسی لەوەشکرد، نابێت هیچ لێدوانێکی سیاسی بەهەند وەربگیرێت کە لە دژی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، پێویستە تەنیا پشت بە لێدوانە فەرمییەکان ببەسترێت، وەک لێدوانی سەرۆک وەزیران، بەڵام زۆربەی ئەو لێدوانانەی لایەنە ساسییەکان دەبێتە هۆی قوڵکردنەوەی قەیرانەکان چونکە هەریەکە و بۆ بەرژەوەنەدی خۆی لێداوان دەدات.

هەروەها گوتی: "برایانی کوردمان باسیان لە رەشنووسی پڕۆژە یاسیا نەوت و گاز کرد، کە ئەمەش پرسێکی زۆر گرنگە کە لە زووترین کات دەربچێت بۆ ئەوەی چیدی نەوت و گازی عێراق بەفیڕۆ نەڕوات".

مەحموود حەیانی، لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەدا، کێشەی مووچە کێشەیەکی سەرەکییە لە هەموو عێراق، نەک تەنیا هەرێمی کوردستان، ئەو کێشەیەش بەهۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی یاسای بودجەبوو.

ئەوەشی خستەڕوو، پارتی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون، وەک پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا جێگیر کراوە.

ناوبراو دەشڵێت: حکومەتی عێراق سیاساتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان پەیڕەو ناکات.

لەبارەی گەندەڵیکردن، ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی فەتح، گوتی: گەندەڵی باڵی بەسەر عێراقدا کێشاوە ئەمە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان گەندەڵی بەو ئاستە نییە کە شایەنی باسکردن بێت.

شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و ئەندامییەتی هەر یەک لە فوئاد حوسێن، هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، نەوزاد هادی، جەعفەر ئێمینکی، شاخەوان عەبدوڵڵا، بەنگین رێکانی، ئومێد سەباح و فارس عیسا ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ و دیداریان ئه‌نجام داوه‌.

شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ کۆتایی بە کۆبوونەوە سێ رۆژییەکەیان لە بەغدا هێنا و گەڕانەوە بۆ هەولێر، بڕیارە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەی کە لە چەند رۆژی رابردوو ئەنجامیانداوە بخەنە بەردەم سەرۆک بارزانی.

ئێوارەی سێشەممە (8ـی ئابی 2023)، پشتیوان سادق، ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غدا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێم و پارتی پێیانوایە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا وەک خۆی بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە، هاوکات مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی پیشێل دەکرێت، هەروەها ئەو رێککەوتنانەنی کە دەچێتە پەرلەمان وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، لە کاتی جێبەجێکردنیشی لە حکومەتی عێراقدا وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت.

هاوکات راشیگەیاند، پێویستە یاسا ستراتیژییەکان بەڕێککەوتن دەربچێت و پێویستە ئەو کێشانەی کە هەنە لەنێوان هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.

ئاماژەی بەوەدا، "هەست دەکەین عێراق بەرەو ناواندی بوون هەنگاو دەنێت، ئەمەش لە زیانی هەموو خەڵکی عێراقە و لە  زیانی پرۆسەی دیموکراسییە.

ئەو ئەندامی شاندی پارتی، دەڵێت: "بەڵێنمان وەرگرتووە ناردنی شایستە داراییەکان هەموو مانگێک بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت".