"ئێف بی ئای" ئەو لایەنگرەی ترەمپی کوشت کە هەڕەشەی تیرۆرکرنی لە بایدن کردبوو

ژمارەیەک بریکاری "ئێف بی ئای"
ژمارەیەک بریکاری "ئێف بی ئای"

K24 - هەولێر

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا – ئێف بی ئای، ئەو لایەنگرەی ترەمپی لە ویلایەتی یوتا کوشت، کە بەردەوام لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی تیرۆرکردنی لە سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسانی کابینەکەی کردبوو.  

ئێوارەی شەوی چوارشەممە  (9ـی ئابی 2023)، بریکــارانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا - ئێف بی ئای لایەنگرێکی سەرسەختی ترەمپی کوشت، کە پێشتر بەردەوام هەڕەشەی تیرۆرکردنی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکای کردبوو. رووداوەکە لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی لایەنگرەکی ترەمپ بووە، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەلایەن دادگاوە بۆی دەرچووبوو.

رووداوەکە چەند کاتژمێرێک پێش سەردانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ویلایەتی یوتا بووە. "ئێف بی ئای" لەبارەی چۆنیەتی روودانی رووداوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکرنی تۆمەتبارەکە، چوونەتە شاری 'سولت لیک' لە ویلایەتی یوتا، لەکاتی ئەنجامدانی پشکنین بۆ ماڵەکەی و هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی، پیاوەکە تەقەی لێ کردوون و لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا، لایەنگرەکەی ترەمپ لەلایەن بریکارەکانی "ئێف بی ئای"ـەوە کوژراوە.

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا رەتیکردووەتەوە ناسنامەی بکوژەکە ئاشکرابکات، بە بیانووی ئەوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە؛ بەڵام بە گوێرەی ئەو سکاڵایەی داواکاری گشتیی ویلایەتی یوتا چەند رۆژێک لەمەوبەر تۆماریکردووە، ناوی کوژراوەکە، "کرەیگ روبێرتسۆن"ـە و تەمەنی 70 ساڵ دەبێت.

هەر لە دەقی سکاڵای داواکاری گشتیی ویلایەتی یوتادا ئاماژە بەوەش کرابوو، پیاوە 70 ساڵییەکە خۆی بە "لایەنگری ترەمپ" ناساندووە و بەردەوام لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی تیرۆرکردنی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەی کردووە.

لەلایەن خۆیەوە "دەزگای خزمەتگوزرای نهێنی ئەمەریکا" کە ئەرکی سەرەکیی پاراستنی جۆو بایدنی سەرۆکە، رایگەیاند: "ئاگاداری لێکۆڵینەوەی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی - ئێف بی ئای لە هاووڵاتییەکی ویلایەتی یوتاین، کە هەڕەشەی تیرۆرکردنی لە کەسێک کردبوو، ئەرکی پاراستنی دەکەوێتە ئەستۆی دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی"، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە بخاتەڕوو.

لایەنگرەکەی ترەمپ بەردەوام هەڕەشەی تیرۆرکردنی بایدنی کردبوو

روبێرتسۆن بە شێوەیەکی بەردەوام و بەتایبەت چەند رۆژێک پێش سەردانەکەی سەرۆکی بۆ ویلایەتی یوتا، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی تیرۆرکردنی لە بایدن کردبوو و نووسیبووی "بیستوومە بایدن دێتە یوتا؛ تۆز لەسەر قەناس بەدەستی M24 لادەبەم". ئاماژەی بەوەش کردبوو، "زۆر بەخێربێی گاڵتەجار".

بە گوێرەی سکاڵاکەی داواکاری گشتیی ویلایەتی یوتا، لایەنگرەکەی ترەمپ، هەڕەشەی تیرۆرکردنی لە کاماڵا هارێس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و مێرێک گارلاند، وەزیری دادی ئەو وڵاتەش کردبوو، چونکە روبێرتسۆن لە یەکێک لە پۆستەکانیدا نووسیبووی، "کات گونجاوە بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکایەتییەک یان دووان. جۆو یەکەمجار و دواتر کاماڵا". 

هەمان لایەنگری ترەمپ، هەڕەشەی تەقەکردنی لە ئالفین براگ، داواکاری گشتیی مانهاتن کردبوو، چونکە داواکارەکە تۆمەتێکی خستبووە پاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، گوایە ساڵی 2016 و لەمیانی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ترەمپ بڕە پارەیەکی زۆری داوەتە ئەستێرەیەکی پۆرن، بۆ ئەوەی نهێنییەکانی نێوانیان ئاشکرا نەکات.