سێ لیوای دیکەی یەکەی 70 گواسترانەوە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە

K24 – هەولێر

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ لیوای دیکەی یەکەی 70 گواسترانەوە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.

وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی یاسای چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ لیوا لە فەرماندەیی یەکەی(70) گواسترانەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، کە بریتیین لە لیواکانی(26، 28، 30).

 ئەم سێ لیوایە خراونەتە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و لە رۆژی دەرچوونی فەرمانی گواسنتەوەیان، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەردەوام لەلایەن سەرۆکایەتیەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەسەر دەکرێتەوە.