سامان بەرزنجی: بەشێکی داواکارییەکانی دانیشتوانی کفریمان جێبەجێکردووە

سامان بەرزنجی
سامان بەرزنجی

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هاووڵاتیانی کفری کۆمەڵێک کێشەیان هەیە کە جیاوازە لەشوێنەکانی دیکە، بۆیە ئێمە هەڵسەنگاندمان بۆ داواکارییەکان کردووە، کە بەشێکیان جێ بەجێکراوە و بەشێکیشیان پێویستی بە ئامادەکارییە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی گوتی: هاتنم بۆ کفری لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران، مەسروور بارزانی بووە، ئەو هەر لە یەکەم رۆژەوە بۆ پێداویستییەکانی شاری کفری لەسەر هێڵە، دەشڵێت: هاووڵاتیانی کفری کۆمەڵێک کێشەیان هەیە کە جیاوازە لەشوێنەکانی دیکە، بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 80% نەخۆشەکانی ئەو دەورووبەرە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان  روو لە شاری کفری دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر، چونکە دەڤەرێکی سنووریە، هەروەها تێکۆشەرانی ئەم سنوورە شایستەی ئەوەن زیاتر خزمەت بکەن.

گوتیشی: ئێمە لەیەکەم رۆژەوە هەڵسەنگاندمان بۆ داواکارییەکان کردووە و بەشێکیان جێ بەجێکراوە، بەشێکیشیان پێویستی بە ئامادەکارییە، ئێمەش ئامادەکارییەکانمان  لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو تەواو کردووە، دەیخەینە بەردەستی لایەنی پەیوەندار لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، هەروەها بەڵێنمان داوە بەگوێڕەی توانا کیشەکە چارەسەر بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە قۆناغی یەکەمدا لەگەڵ تیمی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی توانیمان دوو پزیشکی پسپۆڕی سڕکردن، کە بڕبڕەی نەشتەرگەرییە دابین بکەین، ئەمەش ژمارەی گواستنەوەکان بۆ ناو شارەکان کەمتر دەکاتەوە.

داشڵێت: بەشی دووەم دابین کردنی ژمارەیەکی خێرا بۆ ئەمبولانسەکان کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی کفری لەسەر هێڵین، کە خزمەتگوزاری 122 بکرێتەوە لەناوشاری کفری. بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لەناوشاری کفری سوود لەو خزمەتگوزارییە وەربگرن، هەروەها دابینکردنی سیتی سکان و ئێم ئار ئایە کە ئەم دوو ئامێرە زۆر گرنگ و ستراتیژییە، بۆ ئەوەی پێویست نەکات هاووڵاتی بچێتە شارێکی دیکە.