بەهۆی کوژرانی کاندیدێکی سەرۆکایەتی لە ئیکوادۆر باری لەناکاو راگەیەندرا

فرناندۆ ڤیلاڤیسینسیۆ
فرناندۆ ڤیلاڤیسینسیۆ

K24 – هەولێر:

لە گردبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردندا هێرش دەکرێتە سەر فرناندۆ ڤیلاڤیسینسیۆ، کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئیکوادۆر و دەکوژرێت، بەو هۆیەشەوە، سەرۆکی ئیکوادۆر باری لەناکاوی لە وڵاتەکەی راگەیاند.

رۆژی پێنجشەممە (10ـی ئابی 2023)، لە شاری کویتۆی ئیکوادۆر لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر گردبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئیکوادۆر، فرناندۆ ڤیلاڤیسینسیۆ کوژرا کە یەکێکە لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و دوای ئەوە رووداوەش گیێرمۆ لاسۆی سەرۆکی ئیکوادۆر بڕیاریدا بە راگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵاتەکەی.

میدیاکانی ئیکوادۆر بڵاویانکردەوە، کە تەقەکەرەکە لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە دوای رووداوەکە کوژراوە و سەرۆکی ئیکوادۆریش رایگەیاندووە هەموو ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی ئەو کاندیدەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەبووە بە سزای یاسایی دەگەیەنێت.

بەگوێرەی نوێترین ئەنجامی راپرسییەکانی پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئیکوادۆر، فرناندۆ ڤیلاڤیسینسیۆ، رێژەی 7.5%ـی دەنگەکانی بەدەست دەهێناوە و لە ریزبەندی پێنجەم لە کۆی هەر هەشت کاندیدەکەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئیکوادۆر هاتووە کە وابڕیاربوو لە (8ـی ئابی 2023) بەڕێوەبچێت.

هەروەها فرناندۆ ڤیلاڤیسینسیۆ یەکێک بوو لە کاندیدەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە گوتارەکانی دژی زیادکردنی باج و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی دۆخی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەدا.

فرناندۆ ڤیلاڤیسینسیۆ لە 1963 لەدایکبووە و خێزاندارە و خاوەنی پێنج منداڵە، پێشتر کاری رۆژنامەنووسی کردووە و لە ساڵی 2021 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکەی.