نیازی خالید: پێویسته‌ ئاوڕێكی زیاتر له‌ كێڵگه‌ و زه‌وییه‌ مینڕێژكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بدرێته‌وه

نیازی خالید، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای كاروباری مینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
نیازی خالید، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای كاروباری مینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر: 

پلانی ستراتیژی نیشتیمانی بەرنامەی کاروباری مینی عێراق له‌ به‌غدا راگه‌یه‌ندرا و هێڵه‌ گشتییه‌كانی تێدا خرایه‌ڕوو، هاوكات جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای كاروباری مینی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، پێویسته‌ ئاوڕێكی زیاتر له‌ كێڵگه‌ و زه‌وییه‌ مینڕێژكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بدرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 10ـی ئابی 2023) نیازی خالید، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای كاروباری مینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، پلانی ستراتیژی نیشتیمانی بەرنامەی کارووباری مینی عێراق له‌ به‌غدا راگه‌یه‌ندرا و له‌ رێوڕه‌سمێكی فه‌رمیشدا ده‌یان میوانی ناوخۆ و بیانی تێیدا به‌شدار بوون، روونیشیكرده‌وه‌ له‌و پلانه‌دا زیاتر هێڵه‌ گشتییه‌كان باس كراون و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی لایه‌نی ناوخۆ و ده‌ره‌كیش خراوه‌ته‌ڕوو.

جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای كاروباری مین هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ سه‌باره‌ت به‌ مین له‌ عێراق، پلانێكی ستراتیژی له‌م شێوه‌یه‌ دابنرێت و كاری جیددی له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر بكرێت، گوتیشی ئه‌م پلانه‌ ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌ و دۆكیۆمێنتی فه‌رمی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ پشتگیری دارایی پێشكه‌ش به‌و پلانه‌ بكه‌ن.

خالید نیاز له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه‌ كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی گرنگییه‌كی زیاتر به‌ بواری كشتوكاڵ و چاندن ده‌ده‌ن، بۆیه‌ پێویست ده‌كات ئاوڕێكی زیاتر له‌ بواری مین بدرێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌ و كێڵگه‌ مینڕێژكراوه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت زه‌وییه‌كانیان بۆ كشتوكاڵ و چاندن به‌كاربهێنرێت.

رۆژی (چوارشەممە 9ـی ئابی 2023) دەزگای گشتی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، بەسەرۆکایەتی نیازی خالد، جێگری سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین و شاندی یاوەریان، بەشداریان کرد لە ئاهەنگی راگەیاندنی پلانی ستراتیژی نیشتیمانی بەرنامەی کارووباری مینی عێراق کە لە شاری بەغداد بەڕێوەچوو.

ئاماژە بەوەشکرا، رێورەسمەکە لەژێر چاودێری سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەئامادەبوونی وەزیری ژینگەی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەرانی ووڵاتەکانی کۆمەک بەخش "دۆنەر" و رێکخراوە بیانیەکانی کاروباری مین لە عێراق بەڕێوەچوو، لە رێورەسمەکەدا پلانی ستراتیجی بۆ ماوەی ساڵانی 2023 بۆ 2028 خرایەڕوو کەلەلایەن دەزگای گشتی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق ئامادەکرابوو.

نیازی خالید جێگری سەرۆکی دەزگای مینی هەرێم تایبەت بە کوردستان24ی رایگەیاند، لەرابردوودا توانیویانە %60ـی خاکی هەرێمی کوردستان لە مین پاکبکەنەوە.

راشیگەیاند، نزیکە 250 ملیۆن مەتر دووجا لەهەرێمی کوردستان هێشتا مینڕێژن و بەهۆی سەختی شوێنەکانەوە پاکردنەوەیان کاتێکی زۆری دەوێت.