ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خاوەن پێداوستییە تایبەتەکان پەسەند کرد

K24 – هەولێر:

ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی سندوقی چاودێری و شیاندنی خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایانی پەسەندکرد، کە یەکێکی ترە لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی خاون پێداویستی تایبەت و کورتە باڵایان، ئەم سندوقە بودجەکەی سەر بە بودجەی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و كەسانی خێرخواز دەبێت، بۆ کاری پێویستی خاوەن پێداویستی تایبەت خەرج دەکرێت.

دڵشاد قادر، سەرۆکی ئەنجومەنی کورتەباڵاکانی کوردستان-دەستەی باڵا، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، داوا دەکەن لیژنەیەکی شەفاف سندوقی چاودێری و شیاندی خاوەن پێداوسیتی تایبەت و کورتەباڵایانی بەڕێوەببەن، ئەو خاوەن پێداویستی تایبەتەی کە پێویستی بەهاوکارییە چ لە رووی تەندروستی، وەک نەشتەرگەری و چارەسەری، یاخود لە رووی بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن، پێیوستە هاوکارییەکان لەو سندوقەوە بۆیان بەردەوام بێت.

لەلاین خۆیەوە، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەت، بۆ کوردستان24، گوتی: ئەم سندوقی خزمەتگوزاریە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵاکان لەڕێگای هەژماری بانکیەوە دەبێت و وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی سەرپەرشتی دەکات.

ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبونەوەی ئاسای خۆی پەیڕەوی سندوقی چاودێری و شیاندنی خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵاکانی پەسەند کرد، کە بودجەکەی لە نێو وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بۆ تەرخان دەکرێت کە لەلایەن ئەنجوومەنی شیاندنەوە بەڕێوەدەبردرێت و شێوازی کارکردنی رێکدەخرێت.