بەشێک لە هاووڵاتییانی تورکیا پەنابەران بە هەڕەشە دەزانن

K24 - ئەنقەرە

بەپێی ئەنجامی راپرسییەك هاووڵاتییانی تورکیا بوونی پەنابەران بە گەورەترین مەترسی بۆسەر وڵاتەکەیان دەزانن، کۆمپانیای مێترۆپۆڵ لە 28 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستاندا راوبۆچوونی دوو هەزار و 746 کەسی وەرگرتووە و زۆرینەی زۆریان، ھەبوونی کۆچبەران و پەنابەرانیان بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر داھاتووی توركیا دەزانن.

بەشێک لە هاووڵاتییانی تورکیا، داواکارن حکومەتی ئەنقەرە رێگەچارەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە و هەوڵبدات پەنابەرەکان بۆ وڵاتی خۆیان بگەڕێنێتەوە، هەرچی پەنابەرانیشن چاوەرێن بە زووترین کات چارەنووسیان  یەکلایی بکرێتەوە.

سوورمە عەلیخانی، خەڵکی ئێرانە و لە تورکیا پەنابەرە، چاوەرێیە نەتەوە یەکگرتووەکان بێنێرێتە وڵاتی سێیەم، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "زیاتر لە حەوت ساڵە لەگەڵ کوڕەکەم لە تورکیاین، ئێستا تەمەنی 15 ساڵە بەبێ هیچ گرنگی پێدانێک گەورە بووە، ئیرە وەکو زیندانێک وایە بۆ ئێمە، سەختی زۆرمان کێشاوە خۆم و کوڕەکەم وهەموو پەنابەرەکان، جارێک نەیان پرسیوە ماون یان مردون، گرانی لێرە تەنگی پێ هەڵچنیوین کێشەمان زۆرە، و خەڵکی تورکیا بە ئێمە دڵخۆش نین و پێمان دەڵێن بڕۆن لێرە".

بەشێک لە هاووڵاتییانی تورکیا بەهۆی هەڵاوسان و سەختی ژیانیان، چیتر لە وڵاتەکەیاندا حەز بە بوونی پەنابەر ناکەن، لە راپرسییەکی کۆمپانیای مێترۆپۆڵ دا، زۆرینەی بەشداربووان پەنابەرانیان بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر تورکیا داناوە، راپرسییەکە سەبارەت بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر داهاتووی تورکیا بوووە، کە   دوو هەزار و 746 کەس لە 28 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بەشداریان کردوووە.

هاووڵاتییەکی تورکیا بەناوی ئایشان ئوزدەمیر، دەڵێت: "حەز ناکەین پەنابەر لە وڵاتەکەمان بێت و پیویستە بڕۆن".

یەکێکی دیکە لە هاووڵاتییانی تورکیا بەناوی ئۆزەر ئۆسکان، رایگەیاند: "حکومەت خەڵکی خۆی برسیە و بە ملێونان پەنابەریشی هێناوەتە وڵاتەکەمان".