دوو قوتابی بە کۆنمرەی 99.43 یەکەمی بەشی زانستیین لە کەرکووک

K24 – کەرکووک:

سامان محەممەد رەزا و سانا محەممەد ئەحمەد، هەردووکیان بە کۆنمرەی 99.43 لە بەشی زانستی لەسەر ئاستی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، توانیان پلەی یەکەم بەدەستبهێنن و هاوکات وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی پێوەکردووەن و پیرۆزبایی لێ کردوون.

ئەمڕۆ هەینی (11ـی ئابی 2023) دوو قوتابی کورد بە ناوەکانی سامان محەممەد رەزا، لە بەشی زانستی ئامادەیی رۆشنبیرانی کوڕان و سانا محەممەد ئەحمەد، لە دواناوەندی هۆزانی کچان لە کەرکووک، توانیان بە کۆنمرەی 99.43 پلەی یەکەم لەسەر ئاستی خوێندی کوردی بەدەست بهێنن.

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێی کوردستان پەیوەندی پێوەکردوون و پیرۆزبایی یەکەمبوونیانی لێ کردووە.

هاوکات وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، "بە نوێنەرایەتی رێزدار "مەسرور بارزانی" سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە پیرۆزبایی جەنابیانمان گەیاندە قوتابیە یەکەمەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەمی بەشەکانی زانستی و وێژەیی ) خوێندنی کوردی لە کەرکووک. پیرۆزبایی لە هەموو دەرچووان دەکەین، بە هیوای ئەنجامی باشتر بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە خولی دووەم تاقیکردنەوە دەدەنەوە".

رۆژی (3ـی حوزەیرانی 2023)،لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە گشت لقەکانییەوە راگەیاند و ناوی یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش ئاشکراکرا.

لە سەرەتای کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، ئەمساڵیش پشتگیری دارایی 745 قوتابی شنگالی کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە دهۆک بەشداری تاقیکردنەوە گشتییەکان بکەن.

هاوکات ئالان حەمە سەعید، سوپاسی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە هاوکاربوونە لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە، بەتایبەتی لە دابینکردنی ئاسایش بۆ هۆڵەکانی خوێندن و رێگریکردن لەو باندانەی هانی قوتابییانیان دەدا لە سۆشیال میدیا بۆ گزیکردن لە تاقیکردنەوەکان.