روونکردنەوە لەبارەی ژمارەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 دەدرێت

هێنانی ئۆتۆمبێلی نوێ
هێنانی ئۆتۆمبێلی نوێ

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، دەستپێکردنی پرۆسەی ژمارەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 پەیوستە بە دەرکردنی رێنمایی گومرگ نەک بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ رایانگرتبێت.

رۆژی هەینی (11ـی ئابی 2023)، فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ دەستپێکردنی پێدانی ژمارە بە ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 چاوەڕێی دەرچوونی رێنمایی دەکەن لەلایەن گومرگەوە.

فازڵ حاجی ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە لە مانگی حوزەیرانەوە دەست بە هێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێ دەکرێت بەڵام پرۆسەی بەناوکردن و پێدانی ژمارە بەو ئۆتۆمبێلانە لە مانگی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات، دوای دەرچوونی رێنمایی نوێ.

هەروەها فازڵ حاجی روونیکردەوە، تا دەرنەچوونی رێنمایی نوێ لەلایەن گومرگەوە تا ئەوان لە وردەکارییەکان ئاگاداربکرێنەوە، ناتوانن دەست بە پرۆسەی پێدانی ژمارە دەکەن و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، کە ساڵانە پرۆسەکە بەوشێوەیەیە و دوای دەرچوونی رێنمایی راستەوخۆ دەست بە پێدانی ژمارە بە ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێ دەکرێت.

هاوکات راشیگەیاند، هەر هاووڵاتییەک بەهۆی دەرنەچوونی رێنمایی نوێ لەلایەن گومرگەوە، بۆ پێدانی ژمارە بە ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 دوابکەون لە وەرگرتنی ژمارە بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان، ئەوا هیچ کێشەیەکی یاساییان بۆ دروست نابێت و لە رووی داراییشەوە هیچ پێبژاردنێک نایانگرێتەوە.