لافاو لە چین گوشاری زیاتر لەسەر هەڵاوسانی نرخی خۆراک لە جیهان دەکات

لافاو لە چین
لافاو لە چین

K24 - هەولێر

لافاو لە باکووری چین، زیانی بە بەرهەمەکانی گەنمەشامی و برنج گەیاندووە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی نزیکبوونەوەی زریانێکی نوێ بارانێکی زیاتر ببارێت. بازرگان و شرۆڤەکاران رایدەگەیەنن، "ئەمە ئاماژەیە بۆ گوشاری زیاتر لەسەر هەڵاوسانی نرخی خۆراک لە جیهاندا".

دوو سەرچاوە لە کەرتی بازرگانیی چین رایانگەیاند، خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، نزیکەی چوار بۆ پێنج ملیۆن تۆن گەنمەشامی، واتە نزیکەی لەسەدا 2ی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، کەوتووەتە ژێر کاریگەری لافاوەکە و ئەگەری هەیە بەرهەمی برنجیش کەم بکات.

ماوەی دوو هەفتەیە لافاو و زریانی دۆکسوری باکووریی چینی گرتووەتەوە و ئەگەری هەیە زیانی زیاتر بە بەرهەمی دانەوێڵە لەو وڵاتە بگەیەنێت.

زیانگەیاندن بە بەروبوومی چین لە کاتێکدایە، بەکارهێنەران لە سەرتاسەری جیهان بەدەست کەمی دابینکردنی خۆراکەوە دەناڵێنن، ئەمەش دوای قەدەغەکردنی هەناردەکردنی هەندێک جۆری برنج لەلایەن هیندستان و دەرکەوتنی کێشە لە بارکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی دەریای رەش بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە دێت.


ئامادەکردن: کاوار ساڵح - کوردستان24