ئەڵمانیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەوەی نوێ بە ئۆکرانیا دەدات

K24 - هەولێر

رۆژنامەیەک ئاشکرای دەکات ئەڵمانیا تا کۆتایی ئەمساڵ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەوەی نوێ دەداتە ئۆکرانیا، کە دەتوانرێت بۆ سیخوڕیش بەکاربهێنرێت.

رۆژنامەی "بیڵد ئام سۆنتاگ" بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی ناو کۆمپانیای راینمیتاڵی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەڵمانیا سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەوەی نوێی "لۆنا" بگەیەنێتە ئۆکرانیا.

رۆژنامەکە راشیگەیاند، ئۆکرانیا پێویستییەکی زۆری بە بەهێزکردنی جبەخانەی چەکەکانی هەیە، جا چ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بێت، یان تەقەمەنی بێت یان تانک، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆکرانیا هێرشی پێچەوانەی بۆسەر رووسیا دەستپێکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پاکێجی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پێکدێت لە وێستگەیەکی کۆنتڕۆڵی زەمینی کە چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئامێرێکی هەڵدان و بارهەڵگری سەربازی لەخۆدەگرێت، دەشڵێت: سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەتوانرێت وەک سیستەمێکی سیخوڕی بەکاربهێنرێت.