ژمارەیەک تەقینەوە لە نزیک دیمەشق روویاندا

K24 - هەولێر

ژمارەیەک تەقینەوە لە نزیک دیمەشق و دەوروبەری روویاندا، بەگوێرەی زانیارییەکان یەکێک لە تەقینەوەکان لە کۆگاکانی مووشەکی سەربە میلیشیاکانی ئێران بووە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ 13/8/2023، تەقینەوەیەک لە کۆگاکانی مووشەکی سەربە میلیشیاکانی ئێران لە رۆژئاوای دیمەشق روویداوە تا ئێستا نەزانراوە تەقینەوەکە بەهۆی بۆردوومانی مووشەکی ئیسرائیلی بووە یان بەهۆکارێکی دیکە بووە.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی سانای سووری رایگەیاند، دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە دەوروبەری دیمەشق بیستراوە و لایەنە پەیوەندارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

هەر لەوبارەوە ئاژانسی سپۆتینگی رووسی بڵاویکردەوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل ژماریەک مووشەکیان ئاڕاستەی دیمەشق کردووە و سیستەمی بەرگری ئاسمانی سووریا ژمارەیەک مووشەکی تێکشکاندووە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە 7ی ئەم مانگەدا بەهۆی هێرشێکی مووشکی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق چوار سەربازی سوپای سووریا کوژران و ژمارەیەک سەربازی دیکەش برینداربوون.

پێشتریش روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردبووەوە، رۆژی 19ی تەممووزی 2023 لە بۆردومانێکی ئیسرائیلی کە شوێنەکانی سەر بە سوپای سووریا و میلیشیاکانی سەر ئێرانی کردبووە ئامانج، سێ چەکدار کوژران و چواری دیکەش برینداربوون.