نوێترین گۆڕانكارییه‌كانی 4 یانه كوردییه‌كه‌ی خولی نایابی عێراق
یانه كوردییه‌كان بۆ به‌شداریكردن له خولی پیشه‌گه‌رانی عێراق وه‌رزی داهاتوو 24 كاتژمێری گه‌رموگوڕیان له بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان تێپه‌ڕ كرد و هێڵه‌كانیان تا دێت پڕ ده‌كه‌ن له یاریزانی نوێ.
هه‌ولێر ده‌ستی به جموجۆڵ كرد
یانه‌ی هه‌ولێر له دوایین گۆڕانكارییه‌كانی، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ گواستنه‌وه‌ی هێرشبه‌ری پیشەگەری عێراق یه‌عقووب یوونسی له یانەی ئۆبافەی چیکی راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه یانه‌ی هه‌ولێر ده‌ستبه‌رداری ئه‌حمه‌د ئیبراهیم، حه‌سه‌ن عاشوور و هیلیۆ مۆنتیرۆ بووه، له به‌رامبه‌ردا گرێبه‌ستی ئه‌حمه‌د مه‌كنزی و محه‌مه‌د موحسینی نوێكرده‌وه.
هه‌ولێر گواستنه‌وه‌ی عه‌لا مه‌هاوی به‌رگریكاری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه‌ی كرده سه‌ره‌تای گۆڕانكارییه‌كانی بۆ وه‌رزی نوێ.
هه‌ر ئه‌مڕۆش هه‌ولێر هێرشبه‌رێكی پیشه‌گه‌ری كۆلۆمبی به ناوی (لویس ئیدوار) گواسته‌وه، له هه‌مووی كاریگه‌رتر شێركۆ كه‌ریم بڕیاری مانه‌وه‌ی بۆ وه‌رزی داهاتووش له‌گه‌ڵ هه‌ولێر دا.
پێشبینی ده‌كرێت له چه‌ند رۆژی داهاتوو به‌رگریكاری توونسی، ناوه‌راستكارێكی سه‌نیگالی و ناوه‌راستكارێكی غانا په‌یوه‌ندی به یانه‌ی هه‌ولێر بكه‌ن، له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه یاسین سامیه هێرشبه‌ری پیشه‌گه‌ری سووری ماڵئاوایی له یانه‌ی نه‌فتی میسان كرد و ره‌نگه جارێكی دیكه بگه‌ڕێته‌وه یانه‌ی هه‌ولێر.
نه‌ورۆز به هێمنی هێڵه‌كانی پڕ ده‌كاته‌وه
یانه‌ی نه‌ورۆز ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی دیار یاخی كاپتنی راگه‌یاند، جگه له‌وه‌ش ستار یاسین ناوه‌راستكاری پێشووی یانه‌ی زاخۆی گواسته‌وه له‌گه‌ڵ شه‌ش یاریزانی دیكه‌ی پیشه‌گه‌ر.
نوێنه‌ره سوورپۆشه‌كه‌ی سلێمانی هه‌ر له چه‌ند رۆژی رابردوو چه‌ندان یاریزانی پیشه‌گه‌ری گواسته‌وه كه پێكهاتوون له (كۆملان دۆنو) ناوه‌راستكاری تۆگۆیی، ئیبراهیم تۆمیۆ هێرشبه‌ری نێجیریا، لامین ساماتا یاریزانی پیشه‌گه‌ری گامبیا پێشتر له خولی سعوودیه یاریی كردووه.
یانه‌ی نه‌ورۆز دوو گرێبه‌ستی دیكه‌ی له سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی بازاری گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ی یاریزانان راگه‌یاند كه پێكهاتوون له (مورته‌زا هه‌دیب) بۆ هێڵی ناوه‌ند و (موسته‌فا عه‌بدولجه‌لیل) بۆ هێڵی به‌رگری كه هه‌ردووكیان پێشتر یارییان بۆ یانه‌ی نه‌جه‌ف كردووه.
زاخۆ به‌هێزه‌وه هاتووه‌ته نێو بازاری گواستنه‌وه
یانه‌ی زاخۆ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ گواستنه‌وه‌ی عه‌لی كازمی گۆڵپارێزی پێشووی لاوان و ئۆڵمپی عێراقی راگه‌یاند.
زاخۆ یه‌كه‌مین یاریزانی پیشه‌گه‌ری له‌م هاوینه به ناوی (ئێنك سوسا)ـی به‌رگریكاری به‌رازیلی ته‌مه‌ن 23 ساڵ گواسته‌وه پێشتر له خولی ئه‌لبانیا یاریی كردووه. له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه زاخۆ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ حسێن فه‌لاح بۆ خولی پیشه‌گه‌ری عێراق واژۆ كرد.
یانه‌ی زاخۆ دوو یاریزانی دیكه‌ی كوردی له خوله‌كانی كوردستان گواسته‌وه كه پێكهاتوون له (ئیسماعیل یاسین) له هێڵی هێرشبه‌ر له یانه‌ی ئارارات له‌گه‌ڵ ئاریان جه‌وهه‌ری ناوه‌راستكار له یانه‌ی سیروانی نوێ.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه زاخۆ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ (رۆدریك كابویێ) یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی زامبیا واژۆ كرد. جگه له‌وش گرێبه‌ستی شڤان جه‌میلی كاپتنی نوێكرده‌وه.
دهۆك ته‌نیا 3 یاریزانی گواستووه‌ته‌وه
یانه‌ی دهۆك دوای ئه‌وه‌ی گرێبه‌ستی سلێمان ره‌مه‌زانی راهێنه‌ری بۆ وه‌رزی داهاتوو نوێكرده‌وه، هێشتا به گه‌رمی نه‌هاتووه‌ته نێو بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان ته‌نیا دوو یاریزانی كوردی پێشووی پیشمه‌رگه‌ی سلێمانی گواسته‌وه كه پێكهاتوون له ناوه‌راستكاری شارۆچكه‌ی كه‌لار رێباز ره‌حیمی ته‌مه‌ن 24 ساڵ له‌گه‌ڵ رابه‌ر جه‌لال بۆ هێڵی به‌رگری.
دوایین گرێبه‌ستی یانه‌ی دهۆك له‌گه‌ڵ (حوسێن حه‌كیم موزان) بوو كه پێشتر یاریی بۆ یانه‌كانی زه‌ورا، جه‌وییه و نه‌فت و دیوانیه و حدوود كردووه.