مەسرور بارزانی کۆرنیشی دەلال لە زاخۆ دەکاتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆرنیشی دەلال لە زاخۆ دەکاتەوە.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 14/8/2023، کاتژمێر 3:30 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە زاخۆ،  پڕۆژەی گەشتیاری کۆرنیشی دەلال دەکاتەوە.

پڕۆژەی گەشتیاری کۆرنیشی دەلال لە زاخۆ، بە گوژمەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە، درێژی پرۆژەکە 1500 مەترە لە هەردوو دیوی رووباری خابوور، لەناو پرۆژەکەدا بەنداوێک بە درێژی 73 مەتر و بەرزی 3.5 مەتر دروستکراوە، کە توانای گلدانەوەی ئاوی زیاتر لە 250 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە %70ی رووبەری پڕۆژەکە لە سەوزایی پێکهاتووە.

ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گەورە و گرنگەکان، کاریگەری دەبێت بۆ بوژانەوەی زیاتری کەرتی گەشتیاری لە سنووری ئیدارەی زاخۆ.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ دهۆک و زاخۆ، چەند پڕۆژەیەک بەسەر دەکاتەوە و سەردانی کۆمەڵێک گەڕەک دەکات و گوێ لە داواکاری خەڵک دەگرێت، هەروەها سەرۆکی حکومەت بەدواداچوون بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و چالاکییەکانی دەزگا حکومییەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک دەکات.