پشتیوان سادق: سه‌رۆكی حكومه‌ت جەختی لەوە كردووەتەوە كه‌ لە خزمەت ھاووڵاتییاندا بین

K24 - هەولێر:

بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی لە پارێزگای دھۆك رایده‌گه‌یه‌نێت، سەرۆكی حكومەت جەختی لەوە كردووەتەوە كە لە خزمەت ھاووڵاتییاندا بن و حزب رێگەیەكە بۆ خزمەتكردنی خەڵك.

پشتیوان سادق، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی لە پارێزگای دھۆك سەبارەت بە كۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند "سەرۆكی حكومەت جەختی لەوە كردووەتەوە كە لە خزمەت ھاووڵاتییاندا بن و حزب رێگەیەكە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و دەبێت بۆیان روون بكەینەوە كە چیمان كردووە و ئەو تۆمەتانەی دژی ھەرێمی كوردستانیش ھەڵدەبەسترێن پێویستە راستییەكەیان بۆ ھەموولایەك روون بكرێتەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە 8/14 مەسرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیران و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری دهۆک سەردانی  مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک-ی کرد و لەلایەن د.پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک و ئەندامانی مەکتەب پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا، جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بە گرنگیی زیاتر تێکەڵبوونی بەرپرس و کادیر و ئەندامەکانی پارتی لەگەڵ خەڵک کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە،  ئاگاداری خواست و داواکاری و پێداویستییەکانی جەماوەر بن و ببنە هەماهەنگار و یارمەتیدەری دامەزراوەکانی حکومەت بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشترین شێوە ، کارنامە خزمەتگوزارییەکەی جێبەجێ بکات.

جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتی کردەوە کە پارتی،  خاوەن سەرۆکێکی مەزن و ڕابردوویەکی پڕ لە شانازی و حزبی پێشرەوی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و پارێزەری دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بۆیە دەبێ سەرکردە و ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە ئاستی گەورەیی پارتی و مێژووە پڕ لە سەروەرییەکەی بن و خزمەتکاری میللەتی خۆیان بن و لە خزمەتکردنی خەڵکدا، هەرچی لە توانایاندایە کەمتەرخەمی نەکەن.

جێگری سەرۆکی پارتی ، ئاماژەی بەوەدا کە پارتی حزبێکی کوردستانی و هی  هەموو ناوچە و دەڤەرەکانی کوردستانە، بەڵام بادینان پێگەیەکی تایبەتی هەیە و خەڵکی ئەم دەڤەرە، قوربانییەکی زۆریان  لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان داوە و هەمیشە بە ڕێز و پێزانینەوە خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی بادینان دەنرخێنین.