شاخەوان عەبدوڵڵا: لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت جه‌ختیان له‌ ره‌وانه‌كردنی پشكی هه‌رێم لە بودجە كردووه‌ته‌وه

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، ووردبینی لە داهاتی هەرێمی کوردستان تەواو بووە، هاوکات دەشڵێت: شاندی هەرێم لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ پرسی پارەدارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا، لەبارەی پرسی نەوت و گازیش، شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتی: داوامان کردووە رۆڵی هەرێمی کوردستان وەک پارێزگایەکی نەوتی لە یاساکەدا بەرچاوبگیرێت و مافەکانیان نەفەوتێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی رایگەیاند، لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا بەغدا داتای سەرجەم داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستانیان لەلایە تەنیا ماوە وردبینی تەواوی خۆیان بکەن، دیدگایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ناردنی پشكی هه‌رێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت، تا ئه‌و كاته‌ی دیوانی چاودێری دارایی به‌ته‌واوی وردبینییه‌كانی ته‌واو دەکات.

هاوکات راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەی سێشەمەی رابردوویان لەگەڵ لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئاماژەیان بەوەدا، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ جه‌ختیان له‌ ره‌وانه‌كردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ كردووه‌ته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گڵۆپی سه‌وزیان بۆ سه‌رۆك وه‌زیران داگیرساندووه‌.

ئاماژەی بەوەشدا، لە چەند رۆژی داهاتوودا، شاندی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی پارەدارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن.

سەبارەت بەوەی هەفتەی داهاتوو کە بەغدا دوو مووچە رەوانە بکات، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەکرد، "لەو بڕوایە دانیم هەفتەی داهاتوو دوو مووچە دابەش بکرێت".

لەبارەی یاسای نەوت و گاز، شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتی: لە پڕۆژە یاسای نەوت و گازدا، دەستەیەک دادەمەزرێندرێت  کە کار لەسەر ئەوە دەکرێت پارێزگا نەوتییەکان و ئەوانەشی لە ئاینەدەدا کە دەکرێت وەک ناوچەیەکی نەوتی یان غازی بناسرێت، رۆڵیان هەبێت لەو دەستەیە، هەروەها پارێزگای بەسرەش هاوشێوەی هەرێمی کوردستان ئامادەی خۆێ نیشانداوە بۆ ئەوەی بابەتەکە بەرەو مەرکەزییەت نەڕوا و سندوقێک هەبێت سندوقێکی نەوتی، بۆ ئەوەی داهاتی نەوتەکە بەسەر تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا دابەش بکرێت، ئەمە رای پارێزگا نەوتییەکانە.

گوتیشی: "حکومەتی عێراق هەوڵدەدات داهاتەکان زیاتر مەرکەزی بێت، بەڵام هەموو لایەنەکان پشتگیری ئەوە دەکەن کە دەبێت رۆڵی ناوچەکانی هەرێمی نەوتی بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە یاسەکەدا لەبەرچاو بگیرێت و مافی دەستووریان بپارێزرێت، بۆیەوە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەی نەوت و گاز کۆبننەوە بە ئامادەبوونی فوئاد حوسین، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری نەوتی عێراق، لەگەڵ لایەنەکان بۆ ئەوەی هەنگاوی دووەم بۆ ئەو پڕۆژەیە یاساییە دەستپێبکەن، داواشمانکرد یاسای نەوت و گاز نەنێردرێتەوە پەرلەمان، چونکە بەهۆی ئەوەی پێویستە کۆدەنگی لەنێوان لایەنەکان دروستبێت و هیچ یاساییەک کۆدەنگی سیاسی لەسەرنەبێت لە پەرلەمانی عێراق وەرناگیرێت".

سەبارەت بە ماددەی 140، شاخەوان عەبدوڵڵا، رایگەیاند، "سەرۆکی لیژنەکەم لە ماوەی یەک مانگدا چوار کۆبوونەوەمان کردووە بودجەی تەرخانکراوی 100 ملیارمان کردووە بە 200 ملیار، بەڵام ئێمە چوار ترلیۆنمان پێویستە بۆ قەرەبوو کردنەوەی تەواوی خەڵکەکە، ئێمە لە بەرنامەمان دایە کۆتایی ئەم ساڵە ملیارێکی دیکەی بۆ دابین بکەین".

راشیگەیاند، "لە کۆبوونەوەی دوێنێ، رێگایەکمان دۆزیەوە کە نەتوانن بەبێ ئێمە هیچ بکەن، هەروەها داواشمانکردووە، لە شارەکان ئەولەوییەتی دابەشکردنی زەوی بۆ ئاوارەکان بێت، هەروەها داوامانکردووە هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لەسەر هیچ زەویەک لە کەرکووک و ئەو ناوچانە نەکرێت تاکو یەکلایی دەبنەوە".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، بابەتێکی دیکە کە باسکرا ئەوەبوو دەستوەردانی سووپا لەو ناوچانە نەکرێت و نەگاتە حاڵەتی پێکدادان، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ سەرۆکوەزیران قسەمان کرد، لیژنەیەکمان دروست کرد، پێکهاتووە لە ئێمە و هادی عامر و ژمارەیەک ئەندامانی ئیدارەی دەوڵەت و دەچینە کەرکووک بۆ رێگریکردن لەوەی کە ئیدی سووپا بۆی نەبێت رێگری بکات لە جووتیارانی کەرکووک چونکە پێچەوانەی دەستوورە.

ئێوارەی سێشەممە (8ـی ئابی 2023)، پشتیوان سادق، ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غدا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێم و پارتی پێیانوایە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا وەک خۆی بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە، هاوکات مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی پیشێل دەکرێت، هەروەها ئەو رێککەوتنانەنی کە دەچێتە پەرلەمان وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، لە کاتی جێبەجێکردنیشی لە حکومەتی عێراقدا وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت.

هاوکات راشیگەیاند، پێویستە یاسا ستراتیژییەکان بەڕێککەوتن دەربچێت و پێویستە ئەو کێشانەی کە هەنە لەنێوان هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.

ئاماژەی بەوەدا، "هەست دەکەین عێراق بەرەو ناواندی بوون هەنگاو دەنێت، ئەمەش لە زیانی هەموو خەڵکی عێراقە و لە  زیانی پرۆسەی دیموکراسییە.

ئەو ئەندامی شاندی پارتی، دەڵێت: "بەڵێنمان وەرگرتووە ناردنی شایستە داراییەکان هەموو مانگێک بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت".

هەر لەو بارەی کۆبوونەوەییان لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەگەڵ فازڵ میرانی، سەرۆکی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامدا و گوێمان لە سکاڵا و سەرنجەکانی شاندەکە گرت.

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، رێز لە سكاڵا و داواکارییەکانی شاندی پارتی دەگرن و کار بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کەموکوڕییەکان دەکەن.

هەروەها، نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "پێشوازیمان لە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، لە میانەی دیدارەکەدا باسمان لە بارودۆخی گشتی وڵات کرد، هەروەها جەختمان لە گرنگی پاڵپشتیکردنی حکومەت  لە جێبەجێکردنی بەرنامە و سیاسەتە گشتیەکانی لە پێشخستنی واقیعی ئابووری و خزمەتگوزاری وڵات، هاوکات دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان بۆ خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی بارودۆخەکانیان کردەوە".

لەراگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرا، جەخت لە ئەنجامدانی کرایەوە، هەروەها پێویستی دروستکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و بێلایەن کە ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە و بەدیهێنانی خواستی هاووڵاتییان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کە رۆژی سێشەممە (8ـی ئابی 2023)، نەورەس عەبدوڵڵا، نێردراوی کوردستان24 بۆ بەغدا، رایگەیاند، شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆدەبێتەوە، دوای ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، کۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان باسکردنی پرسی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستانە، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێکردوە لە پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان.

هاوکات راشیگەیاند، هەروەها شاندی پارتی ئەمڕۆ لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیامنی سیادە کۆبوونەوە، کە خەنجەریش نیگەرانی خۆی دەربڕیەوە بەوەی رێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، هاوکات دەڵێت: دەبێت ئەو رێککەوتنانەی لەنیوان حکومەتی هەرێم و بەغدا کراوە وەکو خۆی جێبەجێ  بکرێت، هەروەها کەمێک پیش ئێستاش شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پیشووتری عێراق کۆبوونەوەکەیان کۆتایی هات.

نێردراوی کوردستان24، ئاماژەی بەوەشدا، شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان جگە لەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرکردەکانی ئیدارەی دەوڵەت کۆبوونەوە، مەبەستێتی بە جیاش لەگەڵ هەر یەکە لە سەرکردەکان کۆببێتەوە و پەیامی سەرۆک بارزانییان پێ رابگەینن.

نەورەس عەبدوڵڵا، گوتی: شاندی پارتی داوایکردوە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی بەغدا یەک هەڵوێست بن، ئەو رێککەوتنانەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێن لەناو فراکسیۆنەکانی عێراق کێشەیان بۆ دروست نەکرێت و هەماهەنگ بن.

گوتیشی: شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها داواکاریشن پرسە ئاڵۆزەکان بە هەماهەنگی پێکەوە تێپەڕێنن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان، هاوکات دەشڵێن: دەبێت مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەر جاو بگیرێت و نابێت تاکلایەنانە بڕیار بدرێت.

نێردراوی کوردستان24، ئەوەشی خستەڕوو، پارتی دەیەوێت پێش ئەوەی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز بهێنرێتە پەرلەمان بەشێوەیەکی دادپەروەران دابڕێژرێت کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیش بێت، پارتی نایەوێت سیناریۆی یاسای بودجە لە یاسای نەوت و غازدا دووبارە بێتەوە، بۆیە پارتی داوای دڵنیایی لە حکومەتی عێراق دەکات لەسەر ئەو پرسە.

زیاتر گوتی، کۆبوونەوەکانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سبەینێش بەردەوامی دەبێت و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدەن، لە دوای کۆبوونەوەکانی سبەی، بڕیاروایە بگەڕێنەوە بۆ هەولێر و کۆتایی بەو سەردانە سێ رۆژییەیان بهێنن، دواتر ئەنجامی کۆبوونەوەکان دەخەنە بەردەم سەرۆک بارزانی.