فوئاد حوسێن: شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌كیترین ته‌وه‌ری گفتوگۆكانی شاندی پارتی بوون له به‌غدا
K24 – هەولێر:
فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له هه‌ڤپه‌یڤینێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ نه‌وره‌س عه‌بدوڵڵا، نێردراوی كوردستان24 بۆ به‌غدا وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی تایبه‌ت به بوودجه‌ی فیدڕاڵی، یاسای نه‌وت و غاز، سه‌ردانی شاندی پارتی بۆ به‌غدا، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و توركیا و عێراق و ئه‌مه‌ریكا و عێراق و ئێران و به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به دراوی عێراق و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی دایه‌وه.
فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌باره‌ت به سه‌ردانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ به‌غدا له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا رایگه‌یاند، ناوه‌ڕۆكی په‌یامی سه‌ردانییه‌كه‌ی شاندی پارتی بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه عێراقییه‌كان به‌تایبه‌ت لایه‌نه شیعی و سوننه‌كان بریتی بوو له‌وه‌ی كه پارتی و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر له هێزه شیعی و سوننییه‌كان له‌ناو هاوپه‌یمانیه‌تی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تدایه و ده‌بێت هه‌مووان به رێككه‌وتنه‌كانی نێوانیان پابه‌ند بن، نه‌خاسمه كه ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ك پێكهێنراوه و حكومه‌تی عێراقی له‌سه‌ر دروست بووه. روونیشی كرده‌وه، له‌میانی گفتوگۆكاندا لایه‌نی شاندی پارتی به روون و راشكاوی پێی گوتوون، ئایا ده‌توانرێت له‌ناو ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌دا بمێنێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر بڕیار وایه، بمێنێته‌وه، میكانیزمه‌كان بۆ مانه‌وه‌ی له‌ناویدا چین؟ گوتیشی، شاندی پارتی پرسیاری له‌باره‌ی ئه‌و ئاسته‌نگ و ته‌گه‌رانه كرد، كه هاتوونه‌ته به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی بوودجه‌ی فیدڕاڵی و به لایه‌وه نائاسایی بوو، چونكه پارتی خۆی به به‌شێك له‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه بینیوه و ده‌بینێت و هه‌مووان به‌ڵێنیان به‌یه‌كدی دابوو، كه به پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییه‌كان پابه‌ند بن.
هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆكوه‌زیران وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، له‌پاڵ بابه‌تی جێبه‌جێكردنی بوودجه‌ی فیدڕاڵ و لابردنی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می، هاوكات ژماره‌یه‌ك بابه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیداریش گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام بابه‌تی بوودجه و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌كیترین ته‌وه‌ر و گفتوگۆ و باسه‌كانی نێوانیان بووه. تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌یش، كه ئه‌مجاره كێشه بۆ بوودجه و جێبه‌جێكردنی دروست بوو، به‌تایبه‌تی كه له‌ناو په‌رله‌مان پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنه سیاسییه‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كرا، به‌ڵام شاندی پارتی پرسیاری ئه‌وه‌ی له لایه‌نه شیعییه‌كان كرد، ئاخۆ جارێكی دیكه كێشه‌ی له‌و شێوه‌یه بۆ ئه‌و بابه‌ته و بابه‌ته هاوشێوه‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌بنه‌وه، یاخود له ئێستاوه چۆن پێش له‌و جۆره پێشهاتانه بگیردرێت، یاخود له ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌یان چۆن چاره‌سه‌ر بكرێن؟ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كۆبوونه‌وه‌كان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و بارودۆخ و رووداوانه‌ی تایبه‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو.
فوئاد حوسێن، كه له‌لایه‌ن نه‌وره‌س عه‌بدوڵڵا وه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پرسیاری لێ كرا، ئه‌وه‌ی نه‌شارده‌وه، ئه‌و كێشانه‌ی له‌باره‌ی بوودجه‌ی فیدڕاڵه‌وه دروست بوون، به‌تایبه‌تی له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان، سه‌ره‌تاكه‌ی بۆ رۆژانی كۆتایی گفتوگۆكان بوو له‌وباره‌یه‌وه له‌ناو لیژنه‌ی داراییه‌وه، به‌تایبه‌تی گوتی "له‌نێوان هێزه كوردییه‌كان ناكۆكی هه‌بوو"، كه به‌شێكی گه‌وره‌ی كێشه‌كان له بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ست بوو به‌و ناكۆكییه ناوخۆییانه‌ی نێوان هێزه كوردییه‌كان. گوتیشی، به‌شێكی دیكه‌یشی په‌یوه‌ندی به ململانێكانی نێوان ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌بوو. هه‌روه‌ها پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه كێشه‌ی ناوخۆیی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گرفته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی به‌رده‌م سه‌رجه‌م گرفته‌كانی كورده له به‌غدا، به بۆچوونی فوئاد حوسێن ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هێزه سیاسییه كوردییه‌كان به‌راورد به ماوه‌ی رابردوو باشتره، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی "هه‌رێمی كوردستان گورزێكی به‌ركه‌وت!"
له‌باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان و ناردنی به‌شه‌بوودجه‌كه‌ی و مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی، جه‌ختی كرده‌وه، په‌یوه‌ندی به رێنماییه‌كان و كاره ته‌كنیكییه‌كانه‌وه هه‌یه، ره‌تیشیكرده‌وه هیچ كێشه و گرفتێك له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی یاسای بوودجه‌ی فیدڕاڵی هه‌بێت یان ئه‌گه‌ر هه‌بووبێت، مابێت.
سه‌باره‌ت به وه‌ڵامی سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و بۆچوونیان له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، فوئاد حوسێن رایگه‌یاند، لایه‌نه شیعییه‌كان بۆ لایه‌نی شاندی پارتی دووپاتیان كرده‌وه، كه له‌سه‌ر بنه‌مای دروستبوونی هاوپه‌یمانی ئیئتیلافی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ن. گوتی، لایه‌نه شیعییه‌كان روونیشیان كرده‌وه، ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی بوودجه‌وه روویداوه، به‌شێكی په‌یوه‌ندی به لایه‌نی ته‌كنیكییه‌وه هه‌بووه و به‌شێكی په‌یوه‌ست بووه به‌وه‌ی كه به‌شێك له ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانیان له‌ژێر كۆنتڕۆڵی لایه‌نه‌كانیان ده‌رچوونه و خودكارانه ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته كردووه.
فوئاد حوسێن پێی وابوو، به‌شێك له په‌رله‌مانتارانی لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تی لایه‌نه شیعییه‌كان، ئه‌گه‌رچی له‌ناو حزب و لایه‌نێكدا چالاكن و كاری سیاسی ده‌كه‌ن و وه‌ك نوێنه‌ری ئه‌وان گه‌یشتوونه‌ته په‌رله‌مان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن و زۆر جار وابه‌سته‌ی بڕیاره سیاسییه‌كانی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كانیشیان نابن، كه ئه‌مه‌ش واقیعێكی تاڕاده‌یه‌ك باوه له عێراقی ئێستادا.
جێگری سه‌رۆكوه‌زیران وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌باره‌ی رووخساری سیستمی وڵات گوتی، عێراق له بنه‌ڕه‌تدا و له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2005ـوه بووه‌ته ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵی، به‌ڵام خودی ئه‌و ده‌ستووره هه‌موو مادده‌كانی جێبه‌جێ نه‌بووه، كه‌واته سیستمی فیدڕاڵی تا ئێسته له عێراق نه‌بووه‌ته رووخساره گشتییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵكو پرۆسه‌یه و له به‌رده‌وامیدایه، به‌تایبه‌ت دوای جێبه‌جێكردنی ته‌واوی مادده‌كانی ده‌ستووره‌كه‌ی.
فوئاد حوسێن هێمای بۆ ئه‌وه كرد، له به‌غدا هه‌وڵێك هه‌یه بۆ سه‌نترالیزه‌كردنه‌وه‌ی به‌غدا، به‌و مانایه‌ی دژی كورد نییه، به‌ڵام ده‌خوازێت عێراق بۆ ناوه‌ندییه‌ت بگه‌ڕێنێته‌وه. هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌وانه‌ی پشتگیری له‌و بیرۆكه‌یه ده‌كه‌ن، له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌گه‌ر چی به‌ر له رووخانی سه‌ددام حوسێن ئۆپۆزسیۆن بوونه، به‌ڵام شه‌ڕیان بۆ فیدڕاڵیه‌ت نه‌كردووه، به‌ڵكوو بۆ ئه‌وه‌یان بووه، خۆیان بچنه شوێنی سه‌ددام و هه‌ژموونیان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تدا، هه‌ژموونێكی ناوه‌ندی بێت. گوتیشی، ئه‌و هه‌وڵانه په‌یوه‌ندییان به خودی سیستمه‌وه نییه، ته‌نانه‌ت سیستماتیكیش نین، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به فه‌رهه‌نگی و كولتوور و تێگه‌یشتنه‌وه هه‌یه بۆ هه‌ردوو چه‌مكی فیدڕاڵی و ناوه‌ندی. جه‌ختیشیكرده‌وه یه‌كێك له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، بریتی بوو له پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی فیدڕاڵی، كه تا ئێستا نییه و له ده‌ستووردا هه‌یه، گوتیشی، هێنانه‌ئارای ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه گوزارشت له پراكتیزه‌كردنی فیدڕاڵییه‌ت ده‌كات له عێراق، به هه‌مان شێوه‌ی یاسای نه‌وتیش به‌شێكی پێكهێنانی ئه‌و حكومه‌ته‌یه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه، كه له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی مووچه له عێراق، پێویست ده‌كات به‌شه‌بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و شایسته‌كانی ره‌وانه بكرێت، جه‌ختیشیكرده‌وه كه له چه‌ند رۆژی داهاتوو ئه‌و بابه‌ته ده‌بێته كرده‌یی. گوتیشی ئه‌وه‌ی له مانگی رابردوو روویدا به ناردنی كه‌متر له مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا په‌یوه‌ندی به لایه‌نی ته‌كنیكی و هه‌ژماره‌كانه‌وه سه‌باره‌ت به داهاته نانه‌وتییه‌كانه‌وه هه‌بووه، ئه‌گه‌رنا كێشه‌یه‌كی سیاسی له پشته‌وه نه‌بووه. له‌باره‌ی ناردنی به‌شه‌مووچه‌ی مانگانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه بڕه‌كه‌ی 900 و شه‌ش ملیار دیناره، گوتی، په‌یوه‌ندی به‌و لیسته‌وه هه‌یه كه داهاته نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند بووه و تێیدا ده‌خرێته‌ڕوو، به‌و شێوه‌یه به‌راورد ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر كه‌م یان زۆر بێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ئه‌و بڕه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت.
هه‌روه‌ها فوئاد حوسێن نكوڵی له‌وه كرد، حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق پێشنیازی ناردنی مووچه و بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆی بۆ پارێزگاكان كردبێت، به‌ڵكو گوتی، له‌لایه‌ن هه‌ندێك له پارته كوردییه‌كان ئه‌وه پێشنیاز كرابوو! جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌و بابه‌ته كۆتایی هاتووه.
له‌باره‌ی داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان گوتی، له 2005 و 2006ـوه تا به 2014 ده‌گات، هه‌موو داهاتی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا ره‌وانه ده‌كرا، به‌ڵام به‌شێوه‌ی موقاسه بوو، دواتر كاتێك عێراق له 2014 بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی، چیتر ئه‌و داهاته‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا نه‌گه‌ڕایه‌وه، نه‌خاسمه كه له 2014 به‌دواوه، هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی شه‌ڕی رێكخراوی داعش بووه و چه‌ندین كێشه و قه‌یرانی دیكه‌یش باریان گرانتر كرد. باسی له‌وه‌ش كرد، له‌و باره‌یه‌وه ئێستا هیچ كێشه‌یه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان له ئارادا نه‌ماوه.
فوئاد حوسێن، وه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان گوتی، شاندی پارتی له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا، له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی كۆبووه‌وه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتووی نێوان هه‌ردوولا كرا. روونیشیكرده‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه له رووی كرده‌ییه‌وه به‌تایبه‌ت له‌ناو خۆی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت، به‌تایبه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردن و گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختیشیكرده‌وه، كه ده‌بێت پارتی و یه‌كێتی بۆ ئه‌وه پێكبهێن و رێكبكه‌ون كه له به‌غدا چۆن مامه‌ڵه ده‌كه‌ن. به پێویستیشی زانی له‌باره‌ی گفتوگۆكانی تایبه‌ت به یاسای نه‌وت و غاز، جگه له پارتی و یه‌كێتی، هه‌موو هێز و لایه‌نه كوردی و كوردستانییه‌كانی دیكه‌ش به‌شدار بن، به‌و پێیه‌ی نه‌وت و غاز موڵك و مافی هه‌مووانه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هه‌رێمی كوردستان جگه له ره‌شنووسه‌كه‌ی ساڵی 2007ـی عێراق، ره‌شنووسێكی تایبه‌ت به خۆی پێشكه‌ش ده‌كات. دووپاتیشیكرده‌وه به ده‌رچوونی یاسای نه‌وت و غاز، ئه‌و كێشانه‌ی له‌وباره‌یه‌وه هه‌یه، هه‌مووی چاره‌سه‌ر ده‌كات. هه‌روه‌ها پێشبینی كرد، یاسای نه‌وت و غاز له‌و كابینه‌ی ئێستای حكومه‌تی عێراقدا ته‌واو بكرێت.
سه‌باره‌ت به سه‌ردانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا و هه‌روه‌ها هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته بۆ عێراق و بابه‌تی نه‌وت، فوئاد حوسێن گوتی، تا ئێستا دیاری نه‌كراوه، كه ئاخۆ سه‌رۆككۆماری توركیا كه‌ی سه‌ردانی عێراق ده‌كات، بۆ هاكان فیدانیش، گوتی بڕیاره 23ـی ئه‌م مانگه سه‌ردانی به‌غدا بكات. ئاشكرایشیكرد پرسی نه‌وت یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانی گفتوگۆكان ده‌بێت. له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش، گوتی ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی توركیا و دادگای پاریسه‌وه هه‌یه. روونیشیكرده‌وه له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره هه‌بووه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌ڵام جارێكی دیكه له‌گه‌ڵ هاكان فیدان ئه‌و باسه ده‌كرێته‌وه. پێشبینیشی كرد، كه ئه‌و بابه‌ته به‌و زووانه چاره‌سه‌ر نه‌بێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق دووپاتیكرده‌وه یه‌كێك له كێشه گه‌وره‌كانی نێوان توركیا و عێراق بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یه به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر سنووره‌كانی نێوانیان، به‌و شێوه‌یه به‌هۆی ئه‌وه‌ی توركیا له په‌كه‌كه ده‌دات و پاساویشی چالاكییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه چه‌كدارییه‌یه دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا، كێشه و ده‌ستوه‌ران دروست ده‌بێت، كه ده‌ستوه‌ردانیش دروست بوو، كێشه‌ی یاسایی به‌تایبه‌تی یاسای نێوده‌وڵه‌تی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه ئه‌و كێشه‌یه به‌پێی بارودۆخه‌كان گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ندێك جار توركیا توند ده‌بێت، هه‌ندێك جاریش عێراق، به پێویستیشی زانی هه‌ردوولا له كۆتاییدا بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه، رێگه‌ی گفتوگۆ بگرنه به‌ر.
باسی له‌وه‌ش كرد، كه بێجگه له گفتوگۆكانی عێراق له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركی، به هه‌مان شێوه‌یه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئێرانیش ده‌كه‌ن، نه‌خاسمه كه گوتی، كاتێك هه‌ولێر مووشه‌كباران كرا، سه‌ردانی ئێرانیان كردووه و ئه‌و بابه‌ته‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئێرانی باس كردووه، گوتیشی لایه‌نی ئێران به هه‌مان شێوه‌ی توركیا، پاساوی هه‌یه و پێی وایه گرووپی جیاجیای ئۆپۆزسیۆنی كوردی هه‌یه و دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێرانه و له خاكی به‌رامبه‌ریدا له كوردستانی عێراق ده‌ژین و چالاكن. روونیشیكرده‌وه، لایه‌نی ئێرانی پێیان گوتوون، كێشه‌یان نییه ئه‌و گرووپانه له هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، به‌ڵام نابێت چه‌كیان هه‌بێت و دژی ئێران به‌كاریبهێنن.
سه‌باره‌ت به پشكی كورد له دانانی باڵیۆز و كونسوڵی نوێی عێراق له ده‌ره‌وه، فوئاد حوسێن رایگه‌یاند، له خولی پێشووی په‌رله‌مان ناوه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێشكه‌ش كراون، كه نزیكه‌ی 80 كه‌س بوونه، كه هه‌ندێكیان یه‌ده‌گه‌ن، به‌ڵام نیوه‌یان له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ده‌بن، ئه‌وانه‌ی له وه‌زاره‌ت به ئاست و پله‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه گه‌یشتوون و بۆ باڵیۆزی و كونسوڵی كاندید ده‌كرێن، روونیشیكرده‌وه، كه هه‌مووان چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كراوه و ده‌رچوونه و ناوه‌كانیان به‌رز كراوه‌ته‌وه و به‌و زووانه‌یش ده‌نێردرێنه په‌رله‌مان، گوتیشی، هه‌ر حزبێك كه له په‌رله‌مان 10 كورسی هه‌بێت، یه‌ك باڵیۆزی به‌رده‌كه‌وێت. گوتیشی له هه‌رێمی كوردستانیش خه‌ڵكیان ده‌ستنیشان كردووه.
له‌باره‌ی دابه‌زینی به‌های دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر به به‌های دۆلاری ئه‌مه‌ریكی گوتی، دیناریش وه‌ك هه‌ر بابه‌ت و كاڵایه‌ك په‌یوه‌سته به خستنه‌ڕوو و داواكردن، جه‌ختیشیكرده‌وه، كه بازاڕی دراوی عێراق ته‌نیا په‌یوه‌ندی به بازاڕی دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به چه‌ند بازاڕێكی دیكه‌ش هه‌یه! به‌تایبه‌ت له ده‌وربه‌ری عێراق كه خه‌ریكی دراوی عێراقن. روونیشیكرده‌وه یه‌كێكی دیكه له هۆكاره‌كان بریتییه له قه‌ده‌غه‌كردنی كاری ئه‌و 14 بانكه‌ی به‌م دواییه سزایان خرایه سه‌ر، كه ده‌توانن مامه‌ڵه بكه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا به دینار نه‌ك به دۆلار، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات دۆلار كه‌متر بێته بازاڕ، كه كه‌متریش هاته بازاڕ، گران ده‌بێت و نرخه‌كه‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر تۆڕێك گیرا، كه په‌یوه‌ندی به بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی دۆلار هه‌بوو به رێگه‌ی قاچاغ، كه دواجار هه‌موو ئه‌مانه كاریگه‌ریان له‌سه‌ر نرخی دۆلار هه‌یه له عێراق.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا گوتی، هه‌رگیز وه‌ك په‌یوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌فغانسان نییه و ده‌ستبه‌رداری عێراق نابێت، نه‌خاسمه كه خودی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بۆ ئه‌و بابه‌ته په‌نجا توێژینه‌وه‌یان كردووه، گوتیشی، مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له عێراق له ئایینده‌دا ده‌مێنێته‌وه سه‌ر هه‌ڵوێست و قبووڵكردنی عێراق، واته مانه‌وه‌یان په‌یوه‌سته به داوا و پێویستی عێراق.
سه‌باره‌ت به كردنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا، كه فوئاد حوسێن به‌رپرسه‌كه‌یه‌تی، رایگه‌یاند، له‌و ماوه‌یه‌دا باره‌گاكه ده‌كرێته‌وه و باره‌گاكه‌ی ده‌كه‌وێته نووسینگه‌ی كۆنی سه‌رۆك له به‌غدا.