سبەی شاندی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبنەوە

ئاڵای کوردستان و عێراق
ئاڵای کوردستان و عێراق

K24 – بەغدا:

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ تیمێکی حکومەتی عێراق کۆبوونەوەکیان ئەنجامدا، هاوکات گوتیشی: سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجە و مووچە کۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (15ـی ئابی 2023)، شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بڕیارە سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق، کۆبوونەوەکی گرنگ لەسەر بودجە و مووچە ئەنجامبدەن، هەروەها ئەمڕۆ لە کاتی گەشتنی شاندەکەی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لەگەڵ تیمێکی حکومی عێراق کۆبوونەوە.

هاوکات، پەیامنێری کوردستان24 راشیگەیاند، شاندێکی چاودێری دارایی حکومەتی عێراق ماوەیەک بوو لە هەرێمی کوردستان بوون بۆ پاکتاوی حیساباتی شەش مانگی رابردووی هەرێم، بۆیە لەمەودوا هەموو سێ مانگ جارێک بڕیارە پاکتاوی دارایی و راپۆرتی دارایی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیدا ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت.

شڤان جەباری، ئاماژەی بەوەشدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمجارە دوو ئامانجی سەرەکی هەیە، مەبەستیانە مووچەی مانگی حەوت و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بۆ ئەم مانگە بنێردرێت.

دەشڵێت: مەبەستیانە مووچەی مانگی هەشتیش پاش سێ رۆژی دیکە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەمە ئامانجە سەرەکییەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

پەیامنێری کوردستان24، گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک خۆیان ئاماژەیان پێدا، هەموو پابەندییەکانی خۆیان بەرامبەر بە حکومەتی عێراق جێبەجێ کردووە، بۆیە دەبێت حکومەتی عێراقیش پابەندبێت بە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا و هەروەها لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا رەوانە بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، بڕیاروایە لە دوو رۆژی داهاتوودا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبنەوە.

جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکردبوو، هەردوو شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی  کارە تەکنیکییەکان تەواو بکەن و پشکی هەرێمی کوردستان لە ئاییندەیەکی نزیکدا رەوانە بکرێت.

فواد حوسێن، گوتیشی: هیچ مەترسییەک لەسەر بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان نییە، بە یاسا ئەم بابەتە رێکخراوە کە یاسای بوودجەیە.