کیێڤ: کەشتییە بارهەڵگرەکان لە بەندەری ئۆدێساوە رێگەیەکی نوێ بەکاردەهێنن

K24 - هەولێر

حکومەتی ئۆکرانیا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، کەشتییەکی کۆنتێنەر بەندەری ئۆدێسا لە دەریای رەشەوە بەجێهێشت، کیێڤ ئەم رێرەوەی بەکاتی و نوێ وەسف کرد بۆ چوون و گەڕانەوەی کەشتییەکان.

هەفتەی رابردوو ئۆکرانیا کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی لە دەریای ڕەش راگەیاند، بۆ رێگەدان بە رۆیشتنی ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی کە لە بەندەرەکانیدا گیریان خواردووە.

ئۆلێکساندر کوبراکۆڤ، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆدێسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، "یەکەم کەشتی بە ڕێڕەوی کاتی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە بەندەرەکانەوە رۆیشتووە" لە ئۆدێسا.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەشتییە کۆنتێنەرەکە ناوی جۆزێف شوڵتێیە کە ئاڵای هۆنگ کۆنگی لەسەرە و ئاماژەی بەوەشکردووە، لە 23 شوباتی 2022ەوە، رۆژێک پێش دەستپێکردنی هێرشەکەی رووسیا، لە بەندەرەکەدا گیری خواردووە.

کوبراکۆڤ دەشڵێت: کەشتییەکە زیاتر لە 30 هەزار تۆن بارهەڵگری لە دوو هەزار و 114 کۆنتێنەردا هەڵگرتووە، گوتیشی: "ئەو ڕێڕەوە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ چۆڵکردنی ئەو کەشتیانە بەکاردەهێنرێت کە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا، چۆرنۆمۆرسک، ئۆدێسا و پیڤدێنی بوون.