ئەمەریکا داوا لە ئێران دەکات فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە رووسیا رابگرێت

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی

K24 - هەولێر

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، ئەمەریکا داوا لە ئێران دەکات فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە رووسیا رابگرێت.

رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، ئەمەریکا داوا لە ئێران دەکات فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە رووسیا رابگرێت ئەمەش وەک بەشێک لە چوارچێوەی گفتوگۆ و  لێک تێگەیشتنەکانی نێوان واشنتن و تاران بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان هاتووە.

بەرپرسێکی ئێرانی و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە گفتوگۆکان بە رۆژنامەکەیان گوت: ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر تاران بۆ راگرتنی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە رووسیا، کە لە جەنگی ئۆکرانیادا بەکاری دەهێنێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند، پێشوازی لە هەر هەنگاوێکی ئێران دەکات بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە ئەتۆمییەکەی.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گفتوگۆیانە هاوکات بوون لەگەڵ دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە هەفتەی ڕابردوودا.

هەفتەی رابردوو رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کە ئێران دەتوانێت پێنج ئەمەریکی ئازاد بکات کە دەستگیرکراون، ئەمەش وەک بەشێک لە رێکەوتنێک بۆ ئازادکردنی شەش ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران لە کۆریای باشوور.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە نوێترین زانیاری رۆژانەیدا ئەمرۆ چوارشەممە رایگەیاند، رووسیا بە دڵنیاییەوە دەستی کردووە بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی لەسەر دیزاینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهیدی ئێرانی.

ئاماژەی بەوەشدا، "بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لەوانەیە رێگە بدات رووسیا پێداویستی زیاتری هەبێت لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی".