ناتۆ بیرۆکەیەکی نوێ دەداتە ئۆکرانیا و رووسیاش بیرۆکەکە رەتدەکاتەوە

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا دیمیتری مێدڤێدێڤ سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکی ناتۆ کە گووتبوی: پێویستە ئۆکرانیا بەشێک لە خاکەکەی لەدەست بدات ئەگەر بیەوێت ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانێتی ناتۆ.

ماڵپەڕی رووسیا ئەلیەوم بڵاویکردەوە، کە  جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا دیمیتری مێدڤێدێڤ، پێی وایە بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بچێتە ناو ناتۆوە، دەبێت دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە کیێڤ بەجێبهێڵن.

گوتیشی: "بیرۆکەیەکی نوێ لە نووسینگەی ناتۆوە بۆ ئۆکرانیا هاتووە، کە دەڵێن ئۆکرانیا دەتوانێت بەشداری هاوپەیمانێتی ناتۆ بکات ئەگەر دەستبەرداری ناوچە جێناکۆکەکان بێت، دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا دەبێت دەستبەرداری خودی شاری کیێڤ بن، چونکە پایتەختی رووسیای کۆنە و دەبێت پایتەختەکەیان بگوازنەوە بۆ لڤیڤ".

بەڕێوەبەری نوسینگەی تایبەتی سکرتێری گشتی ناتۆ ستیان جێنسن رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئۆکرانیا دەتوانێت ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانێتییەکە لە بەرامبەر ئەوەی بەشێک لە خاکەکەی رادەستی رووسیا بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشکەوتنێکی بەرچاو هەیە لە پرسی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆدا.

لەم بارەیەوە، راوێژکاری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخائیل پۆدۆلیاک رایگەیاند، کە کیێڤ خاکەکەی ناگۆڕێتەوە بە ئوندامبوونی لە ناتۆ.

پۆدۆلیاک لە تویتەر نوسیویەتی: "گۆڕینی خاک بە چەتری ناتۆ؟" سەیرە ئەمەش بە واتای لەدەستدانی دیموکراسی و تێکشکاندنی یاسای نێودەوڵەتی و گواستنەوەی جەنگ بۆ نەوەکانی دیکە دێت".