نه‌وزاد هادی: پارتی له‌ نه‌ینه‌وا ئامادەکاریی كردووه‌ بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان

K24 – هەولێر:

نەوزاد هادی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی له‌ نەینەوا، سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە مووسڵ بە کوردستان24ی راگەیاند، پارتی ئامادەکاریی تەواوی کردووە و بە لیستێک کە تەواوی پێکهاتەکانی مووسڵ لە خۆدەگرێت بەشداری هەڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان دەکات.

گوتیشی، پێکهاتەکانی پارێزگای نەینەوا متمانەی تەوایان بە پارتی هەیە و وەک پارتێکی بوونیادنەر خەڵک زیاتر رووی تێدەکات.

نه‌وزاد هادی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، به‌ پشتبه‌ستن به‌رنامه‌كانی پارتی و پێشبینی ده‌كه‌ین هه‌نگاو به‌ره‌و ئاستێكی به‌رزتر بنێین و متمانه‌ی زیاتری هاووڵاتییان به‌ده‌ستبهێنین.

270 حزب و لایه‌نی سیاسی ناوی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق تۆماركردووه‌ و 15 حزبی دیکەش ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا نیشانداوە.

رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، لە مانگی ته‌ممووز ده‌ست به‌ تۆماركردنی هاوپه‌یمانێتی، حزب و كاندیده‌كان ده‌كه‌ن.